خه‌ونى كۆچكردن بۆ ئه‌مریكا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 23/01/2020‌ :: 349‌ جار بینراوە

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

مێژووى دروستبوونى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و هه‌ردوو كیشوه‌رى ئه‌مریكا به‌گشتى مێژووى كۆچى به‌كۆمه‌ڵ و تاك تاكى مرۆڤه‌كانه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ى كه‌ پێیان ده‌گوت جیهانى نوێ. یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ شانازى پێوه‌ كردووه‌. ئازادى كۆچكردن بووه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌. گوزه‌رانى باش و دابینبوونى ئازادى و ده‌رفه‌تى كار و لێبورده‌یى ره‌گه‌زى هانده‌ربوون بۆ راكێشانى باشترین ئه‌قڵ و تواناكان له‌سه‌رتاسه‌رى جیهانه‌وه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان.


خه‌ونى به‌شێكى زۆرى گه‌نجان و خاوه‌ن بڕوانامه‌كانى جیهانى سێهه‌م كۆچكردن بووه‌ بۆ ئه‌و به‌هه‌شته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌. به‌ڵام ماوه‌ى سێ ساڵه‌ واته‌ له‌وكاته‌وه‌ى كه‌ دۆناڵد ترامپ چووه‌ته‌ كۆشكى سپى ئه‌م خه‌ونه‌ بووه‌ته‌ كابوسێكى گه‌وره‌. دوو هه‌ڵوێستى جیاوازى نێوان دیموكراته‌كان و كۆماریخوازه‌كانى ئه‌مریكا ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌ى كۆچ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ى به‌ره‌و دابه‌شبوون بردووه‌. 

ترامپ نوێنه‌رێكى توندڕه‌وى ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌یه‌ كه‌ دژى كۆچكردنى هاووڵاتانى وڵاتانى دیكه‌یه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان. ئه‌مه‌ى له‌ به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا چه‌ندین جار دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ كرده‌وه‌ش سه‌لماندویه‌تى كه‌ زۆر به‌ توندى دژى دیارده‌ى كۆچه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ى. ئیداره‌ى ترامپ چه‌ندین رێگرى یاسایى و جێبه‌جێكاریى دروستكردووه‌ بۆ په‌شیمانكردنه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ كۆچكردن بۆ ئه‌و وڵاته‌ و ته‌نانه‌ت به‌ نیازیشه‌ دیوارێكى گه‌وره‌ له‌ سنوورى نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و مه‌كسیكدا دروست بكات به‌ مه‌به‌ستى رێگریكردن له‌ كۆچى نایاسایى.

له‌ كۆچى به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا رێگه‌كان دژوارن و كه‌ ده‌شگه‌نه‌ ئه‌وێ ده‌خرێنه‌ زیندانه‌وه‌ و زۆر دڵڕه‌قانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. راپۆرته‌كان ده‌ڵێن چه‌ندین كه‌س له‌و گرتووخانانه‌دا له‌ ماوه‌ى سێ ساڵى رابوردوودا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

داتاكان باسى مردنى ده‌یان كۆچبه‌ر ده‌كه‌ن له‌ گرتووخانه‌ سنوورییه‌كاندا كه‌ منداڵیشیان تێدایه‌. پشكنێره‌كانى وه‌زاره‌تى ئاسایشى ناوخۆى ئه‌مریكا له‌ ئه‌نجامى پشكنیندا بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ گرتوخانه‌كانى تایبه‌ت به‌ كۆچبه‌رانى نایاسایى هێنده‌ قه‌ره‌باڵغ و بێ خزمه‌تگوزارین كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى راسته‌وخۆن بۆسه‌ر كۆچبه‌ره‌كانیش و كارمه‌نده‌كانى ئه‌و گرتووخانانه‌ش. خۆراكى خراپ و نه‌بوونى چاودێرى ته‌ندروستى ژیانى هه‌موویانى خستووه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ترامپ پێى وایه‌ بارودۆخى ئه‌و گرتووخانانه‌ زۆر باشتره‌ له‌ بارودۆخى وڵاته‌كانى خۆیان.

تویته‌كانى دۆناڵد ترامپ زۆرجار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كۆچه‌ و به‌ ئاشكرا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر كۆچبه‌ره‌ نایاساییه‌كان ئه‌و گرتووخانانه‌یان به‌دڵ نییه‌ با نه‌یه‌ن بۆ وڵاته‌كه‌مان.

له‌سه‌ر ئاستێكى دیكه‌ ترامپ باجى سه‌ر داواى په‌نابه‌رى به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ 13 هه‌زار كۆچبه‌ر ناچار بوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مه‌كسیك.

هه‌ڵوێستى ترامپ به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ى كۆچ هێنده‌ نه‌رێنى و دڵڕه‌قه‌ كه‌ كریستن نێڵسنى وه‌ك وه‌زیرى ئاسایشى ناوخۆ ده‌ركرد هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م خاتوونه‌ منداڵى كۆچبه‌رانیشى له‌ دایك و باوكه‌كانیان جیاكرده‌وه‌. چونكه‌ ترامپ پێى وابوو وه‌كو پێویست توندڕه‌و نییه‌. ترامپ ده‌ڵێت جیاكردنه‌وه‌ى منداڵى كۆچبه‌ران له‌ خێزانه‌كانیان ناچاریان ده‌كات بڕۆنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانى خۆیان و خه‌ڵكى كه‌ش ئیتر بیر له‌ كۆچكردن ناكه‌نه‌وه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڵام رۆژگار ده‌ریخست ئه‌م سیاسه‌ته‌ ئامانجه‌كه‌ى نه‌پێكاوه‌، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ژماره‌ى كۆچبه‌رانى ئه‌فریقى له‌ ساڵى 2010ه‌وه‌ بۆ 2018 به‌ رێژه‌ى 50% زیادى كردووه‌.

ترامپ ده‌ڵێت مه‌به‌ستم له‌م هه‌ڵوێسته‌ پاراستنى ئابووریى ئه‌مریكایه‌ بۆ خودى ئه‌مریكییه‌كان به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌م سیاسه‌ته‌ وایكردووه‌ ژماره‌ى كارمه‌ندانى سنوور و پاسه‌وانه‌كانى سنوور دوو هێنده‌ى جاران ببن و بگه‌نه‌ 40 هه‌زار كه‌س. هه‌روه‌ها ملیاره‌ها دۆلار خه‌رج ده‌كرێت بۆ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان و ته‌كنه‌لۆجیا زیره‌كه‌كانى دیكه‌ به‌ مه‌به‌ستى چاودێریكردنى سنووره‌كان و ئه‌مه‌ش بارێكى قورسه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى حكومه‌ت.

لێكۆڵینه‌وه‌ زانستییه‌كان ده‌ڵێن ئه‌م سیاسه‌ته‌ى ترامپ جگه‌ له‌ گوتارێكى پۆپۆلیستى هیچى دیكه‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ وردى سه‌رنجى لێ بده‌ین ده‌بینین هه‌ڵوێسته‌كه‌ نه‌ك هه‌ر ئامانجه‌كه‌ى نه‌پێكاوه‌ به‌ڵكو له‌ ئاینده‌دا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ژارتر ده‌كات له‌كاتێكدا كه‌ تێكڕاى له‌دایكبوون له‌و وڵاته‌دا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو له‌ دابه‌زیندایه‌ و به‌شێكى زۆرى دانیشتووان له‌ قۆناغى پیریدان.

ترامپ وا ده‌ڕوانێته‌ كۆچبه‌ر كه‌ بارێكى قورسه‌ به‌سه‌ر شانى كۆمه‌ڵگاوه‌ له‌كاتێكدا كه‌ مرۆڤ خۆى گرنگترین سه‌رمایه‌یه‌. باشترین به‌ڵگه‌ش با ته‌ماشاى وڵاتى چین بكات. پسپۆڕه‌كان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان مه‌سه‌له‌ى كۆچ بۆ ئه‌مریكا نه‌خاته‌ ریزى پێشه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌كانى خۆى ئه‌وا زۆر زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت پارێزگارى له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ى ژیان بكات و له‌سه‌ر شانۆى جیهانیش ئه‌و باڵاده‌ستیه‌ى هه‌بێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure