مەراسیمێك بۆ یادی ماملێ رێكدەخرێت

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 170‌ جار بینراوە

دوارۆژ، فەرمان رەشاد

وەزارەتی رۆشنبیری بەبۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی محه‌مه‌دی ماملێ هونەرمەندی گەورەی كورد و رۆژهەڵاتی كوردستانك لە هەولێر مەراسیمێك رێكدەخات.

ئەمرۆ پێنجشەممە (23ی كانونی دووەمی 2020) وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رێورەسمێك بۆ یادی هونەرمەندی ناسراوی  كورد و رۆژهەڵاتی كوردستان، محه‌مه‌دی ماملێ لەژێر ناونیشانی (دەنگێكی زیندووی هەموو سەردەمێ) رێكدەخات.

بریارە كاتژمێر 5:00ی ئێوارە لە هۆڵی سەعد عەبدولڵا رێورەسمەكە دەستپێبكات، كە چەندین برگەی یادكردنەوە و میوزیك لەخۆدەگرێت، فەرهەنگ غەفور بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لەمبارەیەوە بە دوارۆژی راگەیاند "مامۆستا محەمەدی ماملێ بەو دەنگ و میلۆدی و ئەدا بەرز و رەسەنەی خۆیەوە، بووەتە قوتابخانەیەکی هونەریی گەورە و بە تایبەت ساڵانە لە یادی کۆچی دواییدا یاد دەکرێتەوە و رێوڕەسمی بۆ ساز دەکرێت".

وتیشی "وەک چۆن لە رابردوودا ئەو رێزلێنان و یادکردنەوانەمان بۆ هونەۆمەندانی دیکە کردووە، بۆ لەمەودواش لەسەر یادکردنەوە و رێزگرتن لە هونەرمەندانی رەسەن و هونەرەکەیان بەردەوام دەبین، کە ئەمەش کەمترین وەفا نوواندنە بەرامبەر تەمەنێکی دوورودرێژی ئەو هونەرمەندە رەسەنانە".

ھونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی کورد، محه‌مه‌دی ماملێ خاوەنی زیاتر لە 700 گۆرانییە، ناوی محەمەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە، لە ساڵی 1935 زاینی لە گەڕەکی خڕێ-ی شاری مهاباد-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگه‌ی پەهلەوی و سەعادەت لە مهاباد تەواو کردووە و لە 23ی کانوونی دووەمی 1999 لە مهاباد کۆچی دوایی کرد.

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure