گۆگڵ بانگێشتى فه‌رمى ئاراسته‌ى گه‌نجێكى كورد ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2020‌ :: 1233‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

دواى زیادكردنى زیاتر له‌ 100 هه‌زار داتا و زانیارى به‌ زمانى كوردى بۆ سه‌ر سایته‌كه‌یان، كۆمپانیاى گۆگڵ به‌فه‌رمى گه‌نجێكى كورد بانگێشتى لوتكه‌یه‌ك ده‌كات.


بۆكان حەسەن، كه‌ گه‌نجێكى دانیشتووى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ى كانونى دووه‌مى 2020) بە دواڕۆژی وت: ماوەی شەش ساڵە سەرقاڵی كاركردنم لە پێدانی زانیاری وەرگێڕدراو بە زمانی كوردی بۆ سەر سایتى جیهانی Google. 

وتیشى: "لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا توانیومە زیاتر لە 100 هەزار داتای وەرگێڕدراو بە زمانی كوردی لەسەر گۆگڵ زیادبكەم هاوشێوەی زمانە جیهانیەكانی دیكە، ئەمەش وای لە بەرپرسانی گۆگڵ كرد كە خەڵاتی رێزلێنانم پێبەخشن و بەفەرمی بانگهێشتی نوسینگەی سەنگافورەی كۆمپانیاكەم بكەن بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی گۆگڵ".

رونیشیكرده‌وه‌: لەپای هەوڵدانەكانم بۆ جێگیركردنی زمانی كوردی ناوەندی (سۆرانی) لەسەر ئه‌و سایته‌ جیهانییه‌، بە بانگهێشتی فەرمی كۆمپانیا رۆژی 28ى ئه‌م مانگه‌ سەردانی نووسینگەی وڵاتی سەنگافوورەی ئەو كۆمپانیایە دەكەم و بڕیارە ماوەی دوو رۆژ لەو نووسینگەیه‌ بمێنمەوە و لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای كۆمپانیاكه‌ كۆببمه‌وه‌.

ئەو گەنجە كوردە ئەوەشی خستەڕوو: هەر لەو سەردانەمدا بەشداردەبم لە كۆنفرانسی لووتكەی كۆمپانیای Google، بۆیە ئەم بانگهێشت و سەردانەم "دەبێتە رۆژێكی مێژوویی بۆ زمانی كوردی" هیوادارم بتوانم ئەوەی گرنگە بیگەیەنمه‌ بەشداربووانی كۆنفرانسه‌كه‌.

پ: شیروان شه‌ریف 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure