سیستانى دژى خواستێكى سه‌در ده‌وه‌ستێته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1080‌ جار بینراوە
موقته‌دا سه‌در و عه‌لى سیستانى

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

رۆژنامه‌ى (INDEPENDET)ى عه‌ره‌بى  بڵاوكرده‌وه‌، نووسینگه‌ى عه‌لى سیستانى، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌ شوێنكه‌وتووانى راسپاردووه‌ به‌شدارى ئه‌و خۆپیشاندانه‌ نه‌كه‌ن كه‌ موقته‌دا سه‌در بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات.


هه‌فته‌ى رابوردوو موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكى ره‌وتى سه‌در له‌ ئێرانه‌وه‌ داوایكرد: (رۆژى هه‌ینى 24ى كانونى دووه‌مى 2020) خۆپیشاندانێكى ملیۆنى له‌ به‌غداى پایته‌خت ئه‌نجامبدرێت، بۆ خستنه‌ڕووى داواكارى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو هێزه‌ شیعه‌كانى عێراق، به‌تایبه‌ت فه‌سیله‌كانى حه‌شدى شه‌عبى پشتگیرى خۆیان بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ى سه‌در ده‌ربڕى و داوایان له‌ لایه‌نگران و شوێنكه‌وتووانیان كرد به‌شدارى ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بكه‌ن.

رۆژنامه‌كه‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ى كانونى دووه‌مى 2020) باسى له‌وه‌كردووه‌: ئه‌و خۆپیشاندانه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان و حه‌شدى شه‌عبى داوایده‌كه‌ن بۆ دروستكردنى پشتگیرى جه‌ماوه‌رییه‌ بۆ بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ له‌ژێر فشارى حه‌شدى شه‌عبیدا ده‌ركراوه‌.

ده‌شڵێت: به‌پێى به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كان دامه‌زراوه‌ و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان ئۆتۆمبیلى میرییان بۆ گواستنه‌وه‌ى خه‌ڵكى خۆپیشانده‌ر بۆ ئه‌و رۆژه‌ ئاماده‌كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ مه‌به‌ستێكى ده‌ره‌وه‌ى كارى حكومه‌ت.

(INDEPENDET) له‌زارى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى سیاسییه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ عه‌لى سیستانى به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ چاودێرى ئه‌و هه‌ڵكشانه‌ى ئێران دژى ئه‌مریكا ده‌كات، ده‌ترسێت ببێته‌هۆى تێكدانى هاوسه‌نگى و سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌.

ئاشكراشیكردووه‌: نووسینگه‌ى سیستانى داواى له‌ نووسینگه‌ لاوه‌كییه‌كانى له‌ به‌غدا و پارێزگاكان كردووه‌، خۆیان له‌ بره‌وپێدان به‌و خۆپیشاندانانه‌ى سه‌در بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات به‌دووربگرن، له‌كاتێكدا كه‌ سه‌در له‌ هاوپه‌یمانانى ئێران نزیكبۆته‌وه‌.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌: سیستانى ته‌نها به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو شوێنكه‌وتووانى ئاراسته‌كردووه‌، له‌ رێگه‌ى نووسینگه‌ى كه‌ربلاوه‌، كه‌ پاڵپشتى هه‌ڵكشانى خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ لێكده‌ده‌رێته‌وه‌، كه‌ سیستانى رازى نییه‌، حسابانى وڵاتان له‌سه‌ر خاكى عێراق یه‌كلایى بكرێـته‌وه‌. 

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure