بە پارەی چین ژمارەیەک پڕۆژە لە هەرێم جێبەجێدەکرێن

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 427‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

چین بڕی 500 ملیار دۆلار قەرز بە عێراق ده‌دات بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیجی، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: هەرێمی کوردستانیش پشكى ده‌بێت.


ساڵى رابوردوو چین و عێراق رێککەوتنێکیان واژۆکرد كه‌ بەپێی ناوه‌رۆكه‌كه‌ى حكومه‌تى په‌ككین بڕی 500 ملیار دۆلار قه‌رزه‌ به‌ حكومه‌تى به‌غدا ده‌دات.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ ماوەی بیست ساڵە و چین خۆی بەو پارەیە پڕۆژە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، لەبەرامبەردا به‌غدا مانگانە بڕی نزیکەی 350 هه‌زار بەرمیل نەوت بە چین دەدات.

ئەحمەد سەفار، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بە دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌و پاره‌یه‌ چه‌ندان پڕۆژه‌ی ستراتیجی ئه‌نجامده‌درێت و پشكی‌ كوردستانیشی‌ تێدایه‌.

وتیشى: "هەرچەندە بەشی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە كه‌ چەندە، بەڵام بەو پارەیە ژمارەیەک پڕۆژە وەک دروستكردنی هێڵی ئاسنین له‌ زاخۆ تا به‌سره‌ و دروستكردنی بۆریی نه‌وت و دروستكردنی قوتابخانه‌ و پاڵاوگه‌ و نه‌خۆشخانه‌ جێبه‌جێده‌كرێت".

ئەحمەد سەفار، ئاماژەی بەوەشدا: هه‌رێم به‌پێی‌ یاسا پشكی‌ هه‌یه‌ له‌ ته‌واوی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كرێن، به‌ڵام به‌غدا تائێستا پێشێلی‌ ئه‌و مافه‌ی‌ كردووه‌ و پشكی‌ هه‌رێم له‌ گرێبه‌سته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دابینناكات.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure