بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندى سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى هه‌رێم ده‌رچوو

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2020‌ :: 15949‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، بورهان و هانا

دواى ئه‌وه‌ى پارێزه‌رێك له‌ دژى بڕیارى دامه‌زراندنى كۆمپانیایه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنى عه‌ریزه‌نووسین له‌ دادگاكان سكاڵاى له‌دژى وه‌زیرى داد تۆماركرد، دادگاى كارگێرى بڕیارى گرێبه‌ستى نێوان وه‌زاره‌ت و كۆمپانیاكه‌ى به‌ نایاسایى ناوبرد.


پارێزه‌ر دلۆڤان كه‌مال، نیشته‌جێى دهۆك و سكاڵاكارى ئه‌و دۆسیه‌یه‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ى كانونى دووه‌مى 2020) رایگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى كۆمپانیاى (INFORR LTD) گرێبه‌ستێكى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى داد بۆ به‌ڕێوبردنى كارى عه‌ریزه‌نوسینى سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێم واژۆكرد، نرخى عه‌ریزه‌ زۆر گران بوون، بۆیه‌ له‌رێگاى دادگاى كارگێرى به‌ فه‌رمى سكاڵامان دژى وه‌زیرى داد تۆماركرد.

وتیشى: "دادگاى كارگێرى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئێمه‌ بڕیاریدا و ئه‌و گرێبه‌سته‌ى به‌ نایاسایى ناوبرد و داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كردووه‌".

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر دادگاى ته‌میز بڕیاره‌كه‌ په‌سه‌ندبكات، ده‌بێت بكه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و هه‌موو كاره‌كانى كۆمپانیاكه‌ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان رابگیرێت و عه‌ریزه‌نوسین وه‌كو پێشووتر به‌ڕێوه‌ببڕن.

نوسینى عه‌ریزه‌ پێشتر له‌نێوان (3 بۆ 5) هه‌زار دیناردا بوو، به‌ڵام پاش ده‌ستبه‌كاربوونى كۆمپانیاكه‌ نرخه‌كه‌ى سه‌ره‌تا (25) هه‌زار و پاش زیادبوونى ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیش بۆ (15) هه‌زار دینار كه‌مكرایه‌وه‌.

له‌ بڕیاره‌كه‌ى دادگای کارگێڕی هەولێر كه‌ به‌ ژماره‌ (64) له‌ 23ى كانونى یه‌كه‌مى ساڵى رابوردوو ده‌رچووه‌ تیایدا هاتووه‌: دادگا بۆى دەرکەوت بڕیارى وه‌زاره‌ته‌كه‌ نایاساییە و پێچەوانەى یاسایە.

له‌ 27 شوباتى ساڵى رابوردوو گرێبەستێك لە نێوان وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم، وەک لایەنی یەکەم و کۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە واژۆکرا، بەپێی گرێبەستەکە، نرخى عەریزەنووسین بۆ 25 هەزار دینار بەرزکراوەتەوە و لەسەدا هەشتاى ئەو پارەیەش بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و ماوەی کارکردن بەو گرێبەستەش بۆ 15 ساڵ بێت، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕا و نرخەکەی کەمکرایەوە بۆ 15 هەزار دیناری عێراقی.

ده‌قى بڕیاره‌كه‌ى دادگا:

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure