خۆشه‌ویستى، جوتیارێكى كورد و په‌رستارێكى ئه‌مریكى پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/01/2020‌ :: 9605‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

له‌نێو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی ژنه‌ ئه‌مریكیه‌ك ده‌كات كه‌ له‌رێگه‌ی فه‌یسبوكه‌وه‌ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌نێوانیان دروستبوه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاریانه‌ روبه‌ڕوو یه‌كتر ده‌بینن، دواى یه‌كبینینیش به‌ڵێنده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان بگه‌یه‌ننه‌ هاوسه‌رگیرى.


نه‌بیل ره‌مه‌زان كامیل (ته‌مه‌ن 29 ساڵ) جوتیاره‌ له‌گوندی عه‌بدوڵا غانم له‌ناوچه‌ی تاڵه‌بانی سنوری قه‌زای داقوق، پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌رێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوكه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ ژنه‌ ئه‌مریكیه‌ك ده‌كه‌وێته‌ قسه‌.

خۆشه‌ویستی نێوان ئه‌م كوڕه‌ جوتیاره‌ و ژنه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ده‌گاته‌ ئاستێك، هه‌فته‌ی رابوردوو (سیڤی ئانا) ژنه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ هه‌ولێر و دوای یه‌كتربینین له‌گه‌ڵ نه‌بیل ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ره‌و گوندی عه‌بدوڵا غانم (45 كیلۆمه‌تر له‌ باشوری كه‌ركوك).

سیڤی (ته‌مه‌ن 47 ساڵ) دانیشتوی گوندی كۆلا ڤاری، ویلایه‌تی شیكاغۆی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌، پیشه‌ی په‌رستاره‌ و پێشتر هاوسه‌رگیری كردووه‌ و دوو منداڵی هه‌یه‌.

سیڤی له‌ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌دا هه‌وڵی زۆریداوه‌ تاوه‌كو (نه‌بیل) سه‌ردانی بكات له‌ ئه‌مریكا، به‌ڵام جوتیاره‌ كورده‌كه‌ ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ باوك و دایكی به‌جێبهێڵێت.

نه‌بیل، به‌ دواڕۆژی وت: " به‌هۆی سه‌رقاڵبونم به‌پیشه‌كه‌م و به‌خێوكردنی باوك و دایكم نه‌متوانی سه‌ردانی بكه‌م، له‌كۆتاییدا سیڤی خۆی بڕیاریدا سه‌ردانم بكات، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تادا له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ رێگری لێكراوه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی دۆخی ناهه‌مواری عێراق".

نه‌بیل، ده‌رچووی به‌شی كارگێڕی كارى كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی كه‌ركوكه‌،  به‌ڵام له‌ گونده‌كه‌ی خۆیان سه‌رقاڵی جوتیاریه‌.

ئه‌و وتى: "بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ (سیڤی) له‌ گونده‌كه‌مان مایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌تایبه‌تی بۆ سه‌ردانیكردنی دایكم هاتبوو كاتێك زانی دۆخی ته‌ندروستی ناجێگیره‌، له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر دڵخۆشبوو به‌رده‌وام باسی ئاسوده‌یی خۆی بۆ ده‌كردین".

نه‌بیل و سیڤی، هه‌ردولا ره‌زامه‌ندن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كه‌یان به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتر به‌دیبهێنن كه‌ هاوسه‌رگیرییه‌، به‌وته‌ی نه‌بیل، سه‌ره‌تا ژنه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ له‌ هاوسه‌رگیریى له‌گه‌ڵیدا دودڵ و ترساوه‌، چونكه‌ جیاوازی ره‌گه‌ز، ئاین، نه‌ته‌وه‌ و ره‌نگیش له‌نێواندایه‌.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ نه‌بیل ده‌ڵێت: "خۆشه‌ویسته‌كه‌م مه‌سیحیه‌، من وه‌كو خۆم هیچ كێشه‌یه‌كم نیه‌ ئه‌گه‌ر ببێته‌ موسڵمان یاخود نا، هه‌رچی ته‌مه‌نیشه‌ كێشه‌مان بۆ دروستناكات، ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی (سیڤی) بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك، چونكه‌ من ناچمه‌ ئه‌مریكا و پێشتریش ئه‌وه‌م پێیڕاگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌ كلتوری ئێمه‌دا نیه‌".

له‌ئێستادا سیڤی داقوقی به‌جێهێشتووه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكات به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆی له‌ئه‌مریكا.

ره‌زامه‌ندیشی نیشاندا كه‌ ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییان له‌نێو گوندی عه‌بدوڵا غانم رێكبخه‌ن و به‌ڵێنیشیداوه‌ هه‌ر له‌وێ له‌گه‌ڵ جوتیاره‌ كورده‌كه‌ ژیان به‌سه‌ربه‌رێت.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure