"کارمەندانی بەشێکی نەخۆشخانەیەک دوو کاتژمێر ده‌وامده‌كه‌ن"

هەواڵ / کوردستان :: 25/01/2020‌ :: 698‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

کارمەندانی به‌شێكى نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر تەنیا دوو کاتژمێر دەوام دەکەن و له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى لیژنەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە پێكده‌هێنێت.


بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە، کارمەندانی بەشی تیشکی نەخۆشخانەیه‌كی چارەسەر و پشکنینی ددان لە هەولێر تەنیا دوو کاتژمێر دەوام دەکەن.

دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: لیژنەی چاودێری و بەدواداچوون سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە کاتی دەوامی ئەو فەرمانبەرانە کە بەناوی ئێمەوه‌ قسەیان کردووە گوایە ئێمە رێگەمان پێداون.

وتیشى: "تەواوی فەرمانبەرانی بەشی تیشکی نەخۆشخانەی خانزادی ددان دەبێت هاوشێوەی کارمەندانی دیکە دەوام بکەن و بەهۆی پابەندنەبوونیان بە دەوام لە رۆژانی رابوردوو سزادەدرێن".

دەوامکردنی ئەو کارمه‌ندانه‌ گلەیی و ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێکەوتوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ دواڕۆژ پەیوەندی بە وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم کرد بە سەرسوڕمانەوە وتی: "سوپاسی خەمخۆریتان دەکەم بۆ ئاگادارکردنەوەمان لیژنەیەک پێکدەهێنین بۆ لێکۆڵینەوە لە دەوامی ئەو فەرمانبەرانە".

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: هەموو فەرمانبەران دەبێت تاوەکو کاتژمێر 3 پابەندی دەوام بن، هەر فەرمانبەرێکیش سەرپێچی بکات سزادەدرێت بۆیە ئەو فەرمانبەرانەش سزادەدرێن.

پ: ک. س
ب: شیروان



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure