سكاڵا لەسەر وەزیری بازرگانیی حكومەتی هەرێم تۆماركرا

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2020‌ :: 257‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


تیمی پارێزەرانی كورد و عەرەب و جوتیاران لە دادگای بەرایی هەولێر داوای یاساییان لەسەر وەزیری بازرگانی و بەرێوەبەری دانەوێلەی هەولێر تۆماركرد.

 
تیمی پارێزەرانی کورد و عەرەب بۆ چارەسەری کێشەی جوتیاران (ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2020)  لەبارەی پێنەدانی شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیاران و بەهۆی بڕیارێکی دادگای پێداچوونەوەی بەغدا، داوایان لەسەر وەزیری بازرگانی هەرێم تۆماركرد".

بەشدار حەسەن پارێزەری دۆسیەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەهۆی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی دانەوێڵەی هەولێر كە وەڵامی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدای داوەتەوە دەڵێ ئێمە بۆیە پارەی گەنمی جوتیارانمان نەداوە، چونكە پارەی نەقدی بوونی نەبووە، داداگای تێهەڵچوونەوە دەڵێ دەبێ هەرێمی كوردستان پارەی جوتیاران بدات".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر رۆشنایی ئەو بڕیارەی دادگای تێهەڵچوونەوە داوایەكی یاساییمان لەسەر وەزیری بازرگانی و بەرێوەبەری دانەوێڵەی هەولێر تۆماركردووە بۆ ئەوەی بۆ دادگای روون بكاتەوە ئایا پارە نەبووە یان پارە نەنێردراوە تا بدرێت بە جوتیارانی هەرێم.

وتیشی: "ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵەكانی ( 2014، 2015 ، 2016) بە جوتیاران نەدراوە بەبڕی 517 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت تەنها بۆ دانەوێڵە، بۆیە وەک تیمی پارێزەران بەردەوام دەبین لەو دۆسیەیە تا دەگاتە دادگای فیدراڵی عیراقی". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure