لەبارەی جێگرەوەی ئەبو مەھدی موھەندیس ھەواڵی جیاواز ھەیە

هەواڵ / عێراق :: 22/01/2020‌ :: 170‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەغدا


ئەنجومەنی شواری حەشدی شەعبی، لەكۆبوونەوەیەكی فراواندا، جێگرەوەی ئەبو مەھدی موھەندیسی بۆ جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دیاریكرد، دوای ئەوەی ئەبو مەھدی موھەندیس لە ھێرشێكی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی كوژرا.


كەریم علێوی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێداونێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی شواری حەشدی شەعبی لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا، ئەبو عەلی بەسری، وەك سەرۆكی ئەركانی حەشدی شەعبی ھەڵبژارد، بۆ جێگرەوەی ئەبو مەھدی موھەندیس.


وتیشی: "ئەبو عەلی بەسری یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی حەشدی شەعبییە".


بەسری كە وەك جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆكی ئەركان ھەڵبژێردراوە، لەساڵی ١٩٩٨ یەكەمین فەرماندەی ھێزەكانی فەیلەقی بەدر بووە، پێش مەھدی موھەندیس و ھادی عامری.


ھەروەك دوای ٢٠٠٣ پۆستی بریكاری وەزارەتی پەروەردە و دواتریش پۆستی بریكاری وەزیری كاری وەرگرتووە، دوای ھاتنی داعش و دروستكردنی حەشدی شەعبی پۆستی فەرماندەی ئۆپرسیۆنەكانی وەرگرت.


ھاوكات میدیای فەرمی حەشدی شەعبی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەموو ئەو ھەواڵانەی رەتكردەوە، كە لەبارەی جێگرەوەی ئەبو مەھدی موھەندیس-ەوە لە میدیا و شۆسیال میدیایی عێراقی و عەرەبی بڵاوكراونەتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure