سەرجەم بیرە ئیرتیوازییەكانی هەولێر دادەخرێن

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2020‌ :: 335‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 


وەزارەتی شارەوانی هەرێم بڕیاریدا سەرجەم بیرە ئیتیوازییەكانی هەولێر دابخرێن و لەرێگەی كۆمپانیایەكیشەوە چارەسەری كێشەی كەمئاوی لەو شارە دەكات. 


مەسعود محەمەد كاڕەش، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر گرێبەستێكیان لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی كردووە، كە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، بە تەواو بوونی قۆناغی یەكەم لە گەڕەكەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی شاری هەولێر تا راددەیەكی زۆر باش كێشەی كەمئاوی نامێنێت و قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆژەش قەزای بنەسڵاوە، دارەتوو، كەسنەزان، شاوێس و بەحركەش لەخۆ دەگرێت.

 بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم سەبارەت بە چارەسەركردنی كەمئاوی لە هەندێ گەڕەكی شاری هەولێر وتیشی: "یەكێك لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئاماژەی پێدراوە، دابینكردنی خزمەتگوزارییە و لەو خزمەتگوزارییانەی كە دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی شارەوانی كە ئێمەش بەشێكین لەم وەزارەتە، دابینكردنی ئاوی خواردنەوەو دروستكردنی ئاوەڕۆی ئاوی باران و ئاوەڕۆی قورسە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش زیاتر لە یەك ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە بۆ دابینكردووە، سەبارەت بە ئاوەڕۆش بە گشتی لە هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە هەزاران كیلۆمەتر و بە قەبارەی جۆراوجۆر تۆڕی ئاوەڕۆ دروستكراون.

لەبارەی چارەسەر كردنی كێشە كەمئاویشەوە مەسعود كاڕەش راشیگەیاندووە: بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە دەست بۆ ئاوی ژێر زەوی نابەین تاوەكو ئەو سامانە سروشتییە نیشتمانییە بۆ ئایندەو نەوەكانمان پارێزراوبێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێریش گرێبەستێكان لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی كردووە، لە دوو قۆناغ پێكهاتووە و قۆناغی یەكەمی دەستیپێكردووە و لە توانایدا هەیە 1000 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە لە یەك سەعاتدا دابینبكات، ئێستا لەگەڵ كۆمپانیاكە لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی قوناغەی یەكەمی پڕۆژەكە پێش هاوێنی ئەمساڵ تەواو بكات كە بە تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی ئەو پڕۆژەیە لە گەڕەكەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی شاری هەولێر تا راددەیەكی زۆر باش كێشەی كەمئاوی نامێنێت.

سەبارەت بە گرنگی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكەش روونیكردۆتەوە: قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەیە تەنیا بۆ ناو شاری هەولێر نییە، بەڵكوو قەزای بنەسڵاوە، دارەتوو، كەسنەزان، شاوێس و بەحركەش لەخۆ دەگرێت، هەر لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی ئیمزا كراوە و پڕۆژەكە زۆر گەورە و ستراتیژییە و لە یەك سەعات بڕی 25 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابیندەكات، ئەمەش چەند بەرانبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەك و دوو و سێیە، بۆ ئەو پڕۆژەیەش سوود لە ئاوی زێی گەورە وەرگیراوە و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە هەموو بیرەكانی ناو شاری هەولێر و قەزا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە