بەغدا نرخی مریشکی لە هەولێر گرانکرد

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2020‌ :: 2725‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

هەناردەکردنی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق نرخی مریشکی زیندووی لە بازاڕەکانی ناوخۆ گرانکرد، بەجۆرێک نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە 2250 دینارەوە بۆ 3500 دینار بەرزبووه‌ته‌وه‌.


قەهار محەمەد، مریشکفرۆشێکی بازاڕی ژیان لە هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت: چەند رۆژێکە بەغدا رێگەی کردووەتەوە و رێگریناکات لە هاوردەکردنی مریشکی هەرێم بۆ شارەکانی عێراق، بۆیە لە کێڵگەکان رێژەیەکی زیاتر مریشک بۆ ئەو شارانە دەڕوات، به‌جۆرێك هەر شەوێک زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەڕوات.

قەهار محەمەد، وتیشى: "هەناردەکردنی مریشکی زیندوو بۆ شارەکانی عێراق وایکردووە خاوەن کێڵگەکان نرخ بەرزبکەنەوە، چونکە خواستی زۆرە، حکومەتیش هیچ چاودێرییەکی نییە تا نرخ جێگیربکات".

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو نایشارێتەوە نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی نرخ بکەن، بەڵام پلانیان داناوە میکانیزمێک دابنێن بۆ هەناردەکردنی مریشک بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق.

جەمال ئاکرەیی، بەڕێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتەرنەری بە دواڕۆژی راگەیاند: کێشەی نرخی مریشک هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە، یان زۆر بەرزدەبێتەوە یان زۆر دادەبەزێت.

وتیشى: "پلانێکمان داناوە بەهاوکاری لەگەڵ پارێزگاری هەولێر بۆ ئەوەی هەناردەکردنی مریشک سنوردار بکرێت تاوەکو بەشی پێویستی هەرێمی کوردستان بمێنێت نەک بەهۆی کەمی مریشک نرخ بەرزبکەنەوە".

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 135 هەزار تۆن مریشکە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی 2018 بڕی زیاتر لە 80 هەزار تۆن بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکان بووە و نزیکەی 60 هەزار تۆنیش هاوردە کراوە، ساڵی 2019 بەرهەمی ناوخۆ زیاتر لە 400 هەزار تۆن مریشک بووە کە بەشێکی زۆری بۆ بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەڕوات.

ب: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure