كەشناسی هەرێم: شەپۆلێكی بەفرو باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 7506‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی


بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشنایسی هەرێم رایدەگەیەنێت: بارستە هەوایەكی سارد و شەپۆلێكی بەفر بارین ناوچە جیاجیاكانی هەرێم دەگرێتەوەو لەسەنتەری پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە بەفر بارین دەبێت. 

بەپێی راگەیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم كە ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی كانوونی دووەمی2020 بڵاوكراوەتەوە تێیدا ئاماژە بەوەكراوە: سبەی لە كاتەكانی شەودا بارستە هەوایەكی ساردی سێبیری روو لەناوچەكانی هەرێم دەكات و بەهۆی كاریگەری ئەم بارستە هەوایە لەرۆژی هەینی باران لە تەواوی ناوچەكان دەبارێت و شەپۆلێكی بەفر بارین ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. 

لە بەشێكی تری راگەیاندراوەكەدا هاتووە: سەرجەم قەزا و ناحییەكان لە ناوچە شاخاوییەكان و سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە بەفر بارین دەبێت و كاریگەری ئەم شەپۆلە تاوەكو رۆژی شەممە 25ی كانوونی دووەم، بەردەوام دەبێت.


لە كۆتایی راگەیاندراوەكە ئەوەشخراوەتەڕوو: لەگەڵ بەفر بارین مەودای بینین كەم دەبێتەوە بۆ كەمتر لە یەك كم، رۆژی یەكشەممەش نزمترین پلەی گەرمی نزیك دەبێتەوە بۆ ژێر سفر.

هاوكات هەر بەهۆی ئەم شەپۆلەوە هاتووچۆی هەولێر لە راگەیاندراوێكدا ئاگاداری شوفێرانی كردۆتەوە بەهۆی ئەم شەپۆلە شەختەوە بەستەڵەك لە شەقامەكان روودەدات ، بۆیە پێویستە زۆر به‌هۆشیاری و به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌شه‌كه‌ بكه‌ن و بۆ حاڵه‌تی زۆر زه‌رور نه‌بێت نه‌چنه‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كان و له‌حاڵه‌تی چونیان پیداویستیه‌كانی رۆیشتنی ناو به‌فریان پێبێت و زنجیر له‌تایه‌كانیان بده‌ن.

لەبەشێكی تری راگەیاندراوەكەی هاتووچۆی هەولێر هاتووە: پێویستە شوفێران بە ئۆتۆمبێلی دەبل ئەكسل هاتووچۆی ناوچە شاخاوییەكان و له‌كاتی بوونی شه‌خته‌ش له‌دوای ته‌واو بوونی شه‌پۆله‌كه‌ زۆر به‌ وریایی مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، چونكه‌ مه‌ترسی شه‌خته‌و به‌سته‌له‌ك له‌سه‌ر رێگایه‌كان له‌ به‌فره‌كه‌ زیاتره‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure