دواڕۆژ هۆكاری پڕنه‌كردنه‌وه‌ی پۆسته‌ حكومییه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی ئاشكراده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/01/2020‌ :: 387‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی كۆچه‌ر علی 

هۆكاری پڕنه‌كردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی یه‌كێتیی و گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان چاوه‌ڕێده‌كه‌ن یه‌كێتیی ناوی كاندیده‌كانی بۆ پۆسته‌كانی حكومه‌ت پێشكه‌ش بكات تاوه‌كو به‌یه‌كه‌وه‌ فه‌رمانیان بۆ ده‌ربچێت و یه‌كێتیش داوای كردووه‌ ئه‌و پرسه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك دوا بخرێت.


چالاكی موهه‌ندیس، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌پێی رێككه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی، ده‌بوایه‌ ده‌ستبه‌كاربوونی بریكاری وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌، له‌ سێ مانگ زیاتر بخایه‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ناوه‌كانی خۆی پێشكه‌شكردووه"‌.

وتیشی: "ناكۆكی نێوان پارتی و یه‌كێتی و ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی یه‌كێتی رێگرییه‌كی سه‌ره‌كی بوون له‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی خوار وه‌زیره‌كان".

به‌پێی دوو رێككه‌وتنی جیای پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشكه‌كانی كابینه‌ی نوێ به‌شكراوه‌ كه‌ 12%ی پۆستی راوێژكار و به‌ڕێوەبه‌ره‌ گشتییه‌كان بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌بێت و 33%ی بۆ یه‌كێتییه‌ و 55% پۆسته‌كانی دیكه‌ بۆ پارتی و هه‌ردوو پێكهاته‌ی توركمان و مه‌سحییه‌كان ده‌بێت.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی چوار وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌ی نۆیەم جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و چوار بڕیكاری وه‌زیر ( شاره‌وانی، په‌روه‌رده‌، كاره‌با، ناوخۆ) ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ‌و 24 ڕاوێژكار و 24 به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی و سێ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ڕێوبه‌رێكی گشتی له‌ فه‌رمانگه‌ی ده‌ره‌وه‌، چه‌ند پۆستێك له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری چاكسازی و سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و ژماره‌یه‌ك پۆستی دیكه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان به‌ پله‌ی به‌ڕێوەبه‌ر له‌سه‌ر هه‌رسێ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان.

یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، جگه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیییه‌كان و وه‌زیره‌كان ده‌یه‌وێ هه‌ریه‌ك له‌ پۆسته‌كانی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ده‌زگای گشتیی مین و ده‌سته‌ی گه‌شت و گوزارو به‌ڕێوەبه‌ره‌ گشتییه‌كانی دیوان له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی (كشتوكاڵ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری و پێشمه‌رگه‌) و 6 بریكاری وه‌زیرو ئه‌و پۆسته‌ به‌تاڵانه‌ی كه‌ له‌ كابینه‌ی ڕابردوو پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌و پشكی یه‌كێتیی چاره‌سه‌ر بكات.

به‌پێی زانیارییه‌كان، پارتی به‌ فه‌رمی داوایكردووه‌ یه‌كێتیی ناوه‌كان پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام یه‌كێتیی نشیتمانی كوردستان له‌به‌ر ته‌شكیلنه‌كردنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كان و ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی چواره‌م داوای كردووه‌، جارێ ئه‌و پرسه‌ دوابخرێت، چونكه‌ له‌ ئێستادا یه‌كێتیی هیچ ئۆرگانێكی ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ بۆئه‌وه‌ی كاندیده‌كان یه‌كلابكاته‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ مسته‌فا چاوڕه‌ش، وته‌بێژی یه‌كێتیی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "جارێ ئه‌و پرسه‌یان دواخستووه‌ و به‌شێك له‌ كاندیده‌كانیشیان ده‌گۆڕن."



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure