پۆلیس و ئاسایشی دهۆك له‌ باندێكی دزینی نه‌وت بێئاگان

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2020‌ :: 190‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك


هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایشی دهۆك بێئاگان له‌ چاره‌نوسی ئه‌و بانده‌ی‌ لەنێوان دهۆك و زاخۆ، بۆری نه‌وتی هه‌رمێی كوردستانیان له‌گه‌ڵ توركیا كون كردبوو و به‌تانكه‌ر دەیانگواستەوە.


پاش ئەوەی باندێكی چوار كه‌سیی له‌ قه‌زای سێمێل لەنێوان قه‌زای زاخۆ و شاری دهۆك، بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیان كون كردبوو، دوای ئاشكرابوونیان هێزێكی تایبه‌ت له‌ هه‌ولێرەوە ئه‌و باندەی‌ ده‌ستگیر كردووە.

له‌باره‌ی چاره‌نوسی ئه‌و ئه‌و بانده‌، لیوا تارق ئه‌حمه‌د به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی دهۆك بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌وان وه‌كو هێزی پۆلیس هیچ زانیارییەكیان له‌باره‌ی ئه‌و بانده‌وە نییە، چونكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ستگیر نه‌كراون".

سه‌باره‌ت بە هه‌مان پرس، سه‌رچاوه‌یەك له‌ ئاسایشی دهۆك بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌م بانده‌ی دزینی نه‌وت له‌لایه‌ن هیزێكی تایبه‌تەوە ده‌ستگیر كرابوون كه‌ ئه‌و هێزه‌ له‌هه‌ولێرەوە هاتبوونه‌ دهۆك و تۆمەتبارەكانیان لەگەڵ خۆیان بردۆتە شاری هه‌ولێر، بۆیه‌ ئه‌وان هیچ زانیارییەك له‌باره‌ی چاره‌نوسی ئه‌و بانده‌ نازانن".

تا ئێستا هیچ ده‌زگایەكی ئه‌منی له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ لێدوانێكی له‌باره‌ی چاره‌نوسی ئه‌و بانده‌ی دزینی نه‌وت نه‌داوه‌ و روونكردنەوە نادات.

د. بێوار خنسی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه‌ بۆ دواڕۆژ وتی: "زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و بانده‌ به‌ده‌ست ئه‌وان نه‌گه‌یشتووه‌ و ئێستا نازانن ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ كوێن و چاره‌نوسیان به‌ كوێ گه‌یشتووه‌".

ئه‌م بانده‌ی دزینی نه‌وت لەڕێگه‌ی شاره‌زایەكی كونكردنی بۆری كه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك بووه‌، به‌ دووری نزیكه‌ی 2 كیلومه‌تر له‌ بانزینخانه‌یه‌كی سێمێل بۆری گواستنەوەی نه‌وتی هه‌رێمی كونكردبوو كە نه‌وتی له‌و بانزینخانه‌یه‌ كۆده‌كردەوە و پاشان ده‌فرۆشرا.

بەرەبەیانی رۆژی 1-10-2019، هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لە بەنزینخانەیەکی نزیک دووڕیانی کواشێی سەر بە قەزای سێمێل لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی قەزای سێمێل – زاخۆ، باندێکی دزینی نەوتیان لەکاتی دزیکردن و داگرتنی تانکەری گازدا دەستگیرکردووە، کە بە درێژایی زیاتر لە یەک کیلۆمەتر بۆری سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستان – تورکیایان کونکردبوو و بەنیازبوون بە قاچاخ نەوتەکە بدزن و بیفرۆشن”



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure