باندێکی لەشفرۆشی بە رەگەز کورد دەستگیرکران

هەواڵ / کوردستان :: 21/01/2020‌ :: 20614‌ جار بینراوە
فۆتۆ: ئەرشیف

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی باندێكی لەشفرۆشی راگەیاند كە لەچوار ژن ‌و چوار پیاو پێكهاتوون لەسێ گەڕەكی‌ جیاواز كاری‌ لەشفرۆشیان كردووەو بەڕەگەز كوردن.

ئەمڕۆ 21ی كانوونی دووەمی 2020 نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ ڕاگەیاندن‌ و پەیوەندییەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا دەستگیركردنی‌ ژمارەیەك تۆمەتبارو ئاماری‌ كارو چالاكییەكانی‌ لەبەرواری 1ی كانوونی دووەم تا 20ی كانوونی دووەم راگەیاند بەمشێوەیە، دەستگیركردنی‌ دوو تۆمەتبار لەلایەن نەهێشتنی‌ تاوانەوە بەپێی‌ ماددەی‌ 14ی‌ نەهێشتنی‌ ماددە هۆشبەرەكان، لەكاتی‌ دەستگیركردنی‌ تۆمەتبارەكاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك لەماددەكانی‌ شیشەو كریستاڵدا، هەردوو تۆمەتبار بەڕەگەز كوردن‌و دانیشتووی‌ شاری‌ سلێمانین‌ و پێشتر لەسەر هەمان دۆسییە دەستگیركراون. پەڕاوەكانیان ڕەوانەی‌ ئاسایش كراون.

ناوبراو روونیكردەوە: پاش دزینی‌ ئوتومبیلێك لەبەرواری 12ی كانوونی دووەم لەبەردەم بەشی‌ پۆلیسی‌ گرتن‌و گواستنەوەی‌ سلێمانی‌ كە بەئیشپێكراوی‌ خاوەنەكەی‌ جێیهێشتبوو، دواتر خاوەنەكەی‌ سكاڵای‌ تۆمار كرد لەنەهێشتنی‌ تاوان، دوای‌ بەدواداچونی‌ وردو كۆكردنەوەی‌ زانیاریی، توانرا ئوتومبیلەكە لەلایەن نەهێشتنی‌ تاوانەوە بدۆزرێتەوەو زانیاریش لەسەر تۆمەتبار هەیەو مەفرەزەكانی‌ پۆلیس لەهەوڵی‌ دەستگیركردنیدان.

نەقیب سەركەوت ئاماژەی بەوەكرد: دەستگیركردنی‌ باندێكی‌ چوار كەسی‌ دزینی‌ ماتۆڕسكیل لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانەوە كە تاوانی‌ دزینی‌ ماتۆرسكیلیان ئەنجامداوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەفەرمانی‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ ٤٤٦ ڕاگیراون، هەروەها 19 تۆمەتبار دەستگیركراون لەسەر تاوانی‌ دزیكردن بەپێی‌ ماددەكانی‌ ٤٤٣-٤٤٤-٤٤٦. تۆمەتباران هەستاون بەتاوانی‌ دزیكردن لەناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و دزی‌ لەماڵان، كە سیان لەتۆمەتبارەكان لەشێوەی‌ باندێكدا تاوانی‌ دزینی‌ پارەو ئاڵتونیان لەماڵاندا ئەنجامداوە.

بەرپرسەكەی پۆلیس ئاشكرایكرد: لە 18ی‌ كانوونی دووەمیش لەناحیەی‌ زەلان تایەی‌ زیاتر لە 18 ئوتومبیل تەقێنران، دوای‌ لێكۆڵینەوەكان لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ زەلان دوو تۆمەتبار كە تەمەنیان 21 ساڵە دەستگیركران‌و لەبەردەم دادوەردا دانیان بەئەنجامدانی‌ تاوانەكەیاندا ناوە.

نەقیب سەركەوت وتی :"لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ حەساری‌ سەر بەبەشی‌ پۆلیسی‌ سەیدسادق سێ تۆمەتبار دەستگیركراون كە لەشێوەی‌ بانددا لەچەند قەزاو ناحییەكی‌ سەر بەپارێزگای‌ سلێمانیدا بەسەدان قەل‌و قازیان دزیوەو لەچەند ناوچەیەكی‌ تر فرۆشتویانە، لەكاتی‌ دەستگیركردنی‌ تۆمەتبارەكاندا دەستبەسەر چەكێكدا گیراوە لەجۆری‌ تاپڕ. لەئیستادا تۆمەتبارەكان بەفەرمانی‌ دادوەر ڕاگیراون‌و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە".

هەروەها وتیشی :"باندێكی‌ لەشفرۆشی‌ لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانەوە دەستگیركراون كە لەچوار ژن‌و چوار پیاو پێكهاتون لەسێ گەڕەكی‌ جیاوازی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كاری‌ لەشفرۆشیان كردوەو بەڕەگەز كوردن. لەكاتی‌ دەستگیركردنیاندا دەستگیراوە بەسەر ئامێرو كەلوپەلی‌ بەكارهێنانی‌ ماددەی‌ هۆشبەردا. لەئێستادا تۆمەتباران بەفەرمانی‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەكانی‌ ٣ و ٤ ی‌ به‌غدا‌‌‌و ڕاگیراون".

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure