شه‌ش كه‌س له‌ زاخۆ كوژران

هەواڵ / کوردستان :: 21/01/2020‌ :: 4627‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

له‌ سنوورى قه‌زاى زاخۆ، له‌ماوه‌ى 5 رۆژى رابوردوودا، شه‌ش كه‌س به‌ گولـله‌ كۆژراون، پێنج  كه‌س له‌وانه‌ هاووڵاتى زاخۆ بوون كه‌ له‌ كوژرانی دووانیاندا ده‌ستی تۆمه‌ت بۆ په‌كه‌كه‌ درێژكراوه‌.


شه‌وى یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئه‌م مانگه،‌ دوو گه‌نج له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یاندا له‌ زاخۆ به‌ كوژراوی دۆزرانه‌وه‌، به‌شكێى زۆر له‌ هاووڵاتیان و سۆشیاڵ میدیا، په‌كه‌كه‌یان به‌و كاره‌ تۆمه‌تباركرد، به‌ڵام فه‌رمانده‌یه‌كى په‌كه‌كه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كات.

پۆلیس ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌
له‌باره‌ى ئه‌و رووداوه‌، مقه‌ده‌م هێمن سلێمان، وته‌بێژى پۆلیسى دهۆك، له‌ لاپه‌رى خۆى له‌ تۆرى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك رایگه‌یاند: دواى ئه‌و رووداوه‌ هێزه‌كانى پۆلیس گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه و‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌

دوو گه‌نجه‌كه‌ براى یه‌كبوون
ئه‌و دوو گه‌نجه به‌ناوه‌كانى هوشیار مه‌سعود و عه‌لى مه‌سعود، برای یه‌كبوون، خه‌ڵكى گوندى (سیلێ)ى ده‌رڤه‌رى (گولـلییا) بوون، ماڵى هۆشیار كرێچی بوون له‌ خانوویه‌كى گه‌ڕه‌كى تلكه‌به‌رى زاخۆ.

پاره‌ى توركى فرێدرابووه‌ سه‌ر لاشه‌یان
شایه‌تحاڵێك له‌باره‌ى ئه‌و رووداوه‌، بۆ دواڕۆژ وتى "بكوژه‌كان دواى كوشتنى ئه‌م دوو برایه‌ له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یان، پاره‌ى توركیان فڕێدابوو سه‌ر لاشه‌یان و چه‌ند لیره‌یه‌كى توركیان خستبووه‌ ناو ده‌مى یه‌كێك له‌و دوو كه‌سه‌".

بۆچى به‌شێك له‌ هاووڵاتیانى زاخۆ تۆمه‌تى كوشتنه‌كه‌یان خسته‌ پاڵ په‌كه‌كه‌؟
ساڵى رابوردوو، پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌)، دواى ئاشكراكردنى تۆڕێكى سیخورى كه‌ دژى په‌كه‌كه‌ بۆ میتى توركیا كارى ده‌كرد، به‌ ڤیدیۆ دانپێدانى گه‌نجێكیان بڵاوكرده‌وه‌ گوایه‌ دژى په‌كه‌كه‌ له‌ چه‌ندین شوێن كاری بۆ میتى توركیا كردووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ براى ئه‌و دوو گه‌نجه‌ بوو‌ كه‌ شه‌وى رابوردووه‌ له‌ زاخۆ كوژران، بۆیه‌ خه‌ڵك گومانى ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ئه‌و دوو برایه‌ى كه‌سه‌كه‌ كه‌ دژى په‌كه‌كه‌ بووه‌، هاوكارى میتیان كردبێت و په‌كه‌كه‌ ئه‌وانى كوشتبێت.

وه‌ڵامى په‌كه‌كه‌
له‌م باره‌یه‌وه‌ دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان په‌كه‌كه‌ كرد له‌ ناوچه‌ى هه‌فته‌نین له‌ سنورى قه‌زاى زاخۆ، ئه‌و فه‌رمانده‌ى په‌كه‌كه‌ وتى "ئه‌م رووداوه‌ تازه‌یه‌، ئێمه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ هاوڕێكانى ئێمه‌ ئه‌نجامیان دابێت".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ به‌ناوى عه‌گید به‌رخودان، وتیشى "ئه‌گه‌ر تۆمه‌‌تباركردنى په‌كه‌كه به‌ كوشتنى ئه‌و دوو گه‌نجه‌ى زاخۆ‌ به‌رده‌وام بێت، له‌وانەیه‌ ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى ئه‌وان له‌ نزیكترین كات، به‌فه‌رمى وه‌ڵامى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بداته‌وه‌".

له‌ سنوورى قه‌زاى زاخۆ، له‌ماوه‌ى 5 رۆژى رابوردوودا، شه‌ش كه‌س به‌ گولـله‌ كوژراون، پێنج  كه‌س له‌وانه‌ هاووڵاتى زاخۆ بوون و ئه‌وى دیكه‌ پیاوێكى عه‌ره‌بى خه‌ڵكی موسڵ بوو.

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure