حکومەت 12 ملیار دۆلارە پاشەکەوتەکەی فەرمانبەران دەداتەوە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 12789‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی

حکومەتی هەرێم زیاتر لە 12 ملیار دۆلاری فەرمانبەران قەرزدارەو دەیەوێت ئه‌و قه‌رزانه‌ بخاته‌ هه‌ژمارێكی بانکییەوە، بەڵام پەرلەمانتارێک رەتیدەکاتەوە هه‌ژماره‌ بانكییه‌كه‌ سوودی بۆ فەرمانبەران هەبێت.


له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ى نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا به‌ كردنه‌وه‌ى هه‌ژمارێکی بانكى بۆ سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران كه‌ تیایدا "مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیان له‌و هه‌ژماره‌ پارێزراو" ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى فراكسیۆنه‌كان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بووه‌ته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى مووچه‌خۆران ناتوانن مامه‌ڵه‌ به‌و پاره‌یه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ هه‌ژماره‌كه‌یاندایه‌.

شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامى لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌ت بۆ كردنه‌وه‌ى هه‌ژمارێکی تایبەت بە دانەوەی قەرزی مووچەخۆران، بەوجۆرەی لە یاساکە هاتووە بڕیارێکی خراپه، چونكه‌ خزمه‌ت به‌ مووچه‌خۆران ناكات و مووچه‌خۆران ناتوانن مامه‌ڵه‌ به‌ هه‌ژماره‌كه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵكو ته‌نیا مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كه‌یان بۆ كۆكراوه‌ته‌وه‌، نه‌ك زامنى گه‌ڕانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وت.

وتیشى "ئه‌گه‌ر حكومه‌ت راستده‌كات، ده‌بێت رێگه‌ش بدات مامه‌ڵه‌ به‌و هه‌ژماره‌ بانكییه‌وه‌ بكرێت و مووچەخۆران بتوانن پارە قەرزەکانیان لەو هەژمارەوە رابکێشن".

هه‌رسێ فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان (یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نوێ) دژى ئه‌و بڕیاره‌ى حكومه‌تن و داواده‌كه‌ن فشاره‌كان زیاتر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت ناچاربكرێت قەرزی فەرمانبەران بداتەوەو داواش لە سەرۆکی هەرێم بکرێت یاساکە بەوجۆرەی هەیە واژۆ نەکات.

كاوه‌ عه‌بدولقادر، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌ت بۆ كردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى بانكیى، ته‌نیا خۆڵكردنه‌ چاوى مووچەخۆرانە، ئه‌گه‌رنا له‌ ئه‌رزى واقیع ئەو هەژمارە بەوشێوەیەی لە یاساکە هاتووە هیچ گرنگ نییەو فەرمانبەران ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بە قەرزی مووچەکانیان لای حکومەت بکەن.

حكومەتی هەرێم 12 مووچەی ساڵی 2016 و 11 مووچەی ساڵی 2017 و 11 مووچەی ساڵی 2018ی بە پاشەكەوتكراوی دابەشكردووە كە دەكاتە 34 مووچەی پاشەكەوتكراو، هه‌روه‌ها ساڵی 2015 حكومەتی هەرێم چوار مووچەی دابەشنەكردووەو ساڵی 2017ش مووچەیه‌كى به‌ تەواوەتی دابەشنەكردووەو لە ساڵی 2019دا، سێ مووچەی تەواوەتی دابەشنه‌كردووه‌، به‌مه‌ش كۆی مووچە دابەشنەكراوەكان بە تەواوەتی دەكاتە هەشت مووچەی تەواو، هه‌روه‌ها  12 مووچه‌ى خانه‌نشینان قه‌رزداره‌.

به‌هۆى كه‌ڵه‌كه‌بوونى مووچه‌ نه‌دراوه‌كان، حکومەتى هه‌رێم 12 ملیار دۆلاری مووچەی فەرمانبەران قەرزدارەو چه‌ندین پڕۆژەش له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بۆ دانەوەی قەرزه‌كان دراوه‌ته‌ حكومه‌ت، به‌ڵام هیچى وه‌ڵامنه‌دراوه‌ته‌وه‌.

عیماد ره‌فعه‌ت، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و هه‌نگاوه‌ى حكومه‌ت بۆ كردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى بانكى داخوازى هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بوو، به‌ڵام ده‌بوو ئه‌و مووچانه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ پاشه‌كه‌وتكراون له‌ هه‌ژماری بانكى فه‌رمانبه‌ران، بدرێته‌وه‌ به‌و قه‌رزو خزمه‌تگوزاریانه‌ى كه‌ هاووڵاتیان له‌سه‌ریانه‌، له‌وانه‌ قه‌رزه‌كانى كاره‌باو ئاو و هاتووچۆ و قه‌رزى خانووبه‌ره‌و پێشینه‌ى هاوسه‌رگیرى و قه‌رزى كشتوكاڵ و باج و هه‌ر قه‌رزێكى تر، بەڵام تاکو ئێستا حکومەت هیچ بڕیارێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، جگه‌ له‌ قه‌رزه‌كانى كاره‌با و كشتوكاڵ و قه‌رزى بچووك، هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان زیاتر له‌ 700 ملیار دینارى حكومه‌ت قه‌رزدارن و نه‌یانگه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ دواڕۆژ دراوه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ئێستادا پاره‌ى پێویستى نییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وت و قه‌رزه‌كانى هاووڵاتیان، بۆیه‌ بڕیارى مامه‌ڵه‌كردن به‌و هه‌ژماره‌ بانكییه‌ ده‌رناكات.

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure