برى مووچه‌ى پله‌باڵاكان و په‌رله‌مانتاران دواى په‌سه‌ندكردنى یاساى چاكسازى ئاشكراكرا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/01/2020‌ :: 2358‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر على 

به‌پێى یاسایى چاكسازى موچه‌ى پله‌ باڵاو تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ نێوان (2 ملیۆن و 100 هه‌زار) بۆ ( چوار ملیۆن و 200 هه‌زار دينار) ده‌بێت و له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانیش زیاتر له‌ 63%ی  په‌رله‌مانتاران به‌ مووچه‌ى 50% خانه‌نشین ده‌كرێن.

هه‌فته‌ى ڕابوردوو په‌رله‌مانى كوردستان یاسایى چاكسازى په‌سه‌ندكردو دوێنێ دووشه‌ممه‌ 20ى كانونى دووه‌م، یاساكه‌ ره‌وانه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كراوه‌و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو واژۆ بکرێت.

به‌پێى یاسایى خانه‌نشینى ماده‌ى حه‌وته‌م كه‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ چه‌ند مه‌رجێك بۆ مووچه‌ى خانه‌نشینى پله‌ باڵاو تایبه‌ته‌كان دانراوه‌:

1. بۆ خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكان ئه‌گه‌ر مه‌رجى ته‌مه‌ن و ساڵانى خزمه‌تى هه‌بێت به‌ 15% خانه‌نشین ده‌كرێت، ساڵانى خزمه‌تیش حساب ده‌كرێت و هه‌ر ساڵێكى خزمه‌تیش به‌ 1.5 داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ى دبلۆمى هه‌بێت 2 خاڵى دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌كالۆریۆس بێت 4، ئه‌گه‌ر ماسته‌ر بێت 6، ئه‌گه‌ر دكتۆرا بێت 8، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتار و پله‌باڵا و تایبه‌ته‌ نابێت رێژه‌ى خانه‌نشینكردنه‌كه‌ى 50%ی مووچه‌كه‌ى تێپه‌ڕبكات.

واته‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارێك ته‌مه‌نى له‌سه‌رووى 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت و بڕوانامه‌ى به‌كه‌لۆریۆسى هه‌بێتك ئه‌وا 15+ 15 ساڵ خزمه‌ت (هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت) + 4 خاڵ بڕوانامه‌، یه‌كسانه‌ به‌ 42، كه‌واته‌ ئه‌و پله‌باڵا و تایبه‌ته‌ به‌ 42%ى موچه‌ى ئێستاى خانه‌نشین ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌سه‌دا په‌نجا تێپه‌ربكات، ئه‌وا هه‌ر به‌ 50% خانه‌نشین ده‌كرێت.

به‌پێى ئه‌و داتاو ئامارانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ 63%ى په‌رله‌مانتارانى ئه‌م خوله‌ له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ساڵى خزمه‌ت و ته‌مه‌نیان ته‌واوه‌و به‌پێى ئه‌و بڕگه‌یه‌ خانه‌نشین ده‌كرێت و زۆرترین مووچه‌ى خانه‌نشینیان 4 ملیۆن و 200 هه‌زار دینار دەبێت.

2. بۆ خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار و پله‌باڵاكان ئه‌گه‌ر مه‌رجى ته‌مه‌نى خانه‌نشینى تیدا نه‌بێت، ئه‌وانیش به‌ 15% خانه‌نشین ده‌كرێن، بۆ ئه‌وانیش ساڵانى خزمه‌ت حساب ده‌كرێت هه‌ر ساڵێكى خزمه‌تیش به‌ 1.5 داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ى دبلۆمى هه‌بێت 2 خاڵى دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌كالۆریۆس بێت 4، ئه‌گه‌ر ماسته‌ر بێت 6، ئه‌گه‌ر دكتۆرا بێت 8.

واته‌ ئه‌گه‌ر پله‌باڵایه‌ك ته‌مه‌نى خانه‌نشینى كه‌متر بوو له‌ 45 ساڵ و 12 ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت و بڕوانامه‌كه‌شى به‌كالۆریۆس بێت، 15 + 12 ( بۆ هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت) + 4 بروانامه‌ یه‌كسانه‌ به‌ به‌ 37، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ته‌مه‌نى خانه‌نشینى نه‌گه‌یشتووەته‌ 45، ئه‌وكات به‌ 25%ی مووچه‌كه‌ى خانه‌نشین ده‌كرێت، نه‌ك 37%.

ئه‌گه‌ر پله‌باڵایه‌ك ته‌مه‌نى خانه‌نیشینى كه‌متر بوو له‌ 45 ساڵ و 2 ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى پێش كارى په‌رله‌مانتارى فه‌رمانبه‌ر نه‌بوون، بڕوانامه‌كه‌شى به‌كالۆریۆس بێت، 15 + 1 ( بۆ هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت) + 4 بڕونامه‌، یه‌كسانه‌ به‌ 21، ئه‌وكاته‌ به‌ 21%ى مووچه‌كه‌ى خانه‌نشین ده‌كرێت.

هه‌ر به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ 37%ى په‌رله‌مانتارانى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان ئه‌و بڕگه‌یه‌ى ماده‌كه‌ دەیانگرێتەوەو زۆرترین مووچه‌شیان 2 ملیۆن و 100 هه‌زار دینار ده‌بێت.

به‌پێى یاسای چاكسازى خانەشینی پلەباڵا بە رێژەی (30%) کەمکرایەوە بۆ ئەوانەی سەروو 45 ساڵن و خزمەتی 15 ساڵیان هەیە و رێژەی ( 55٪ بۆ  75%) کەمکرایەوە بۆ ئەوانەی خوار 45 ساڵن و 15 ساڵ خزمەتیان نییە.

هه‌ر به‌پێى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى داده‌وره‌كان به‌ رێژه‌ى 70%ی مووچه‌ی ئێستایان خانه‌نشین ده‌كرێن كه‌ له‌ رابوردوودا به‌ 100% خانه‌نشین ده‌كران.

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure