فازڵ نەبی: ئەو پارەیەی حكومەت خەرجی دەكات نایاساییە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 21/01/2020‌ :: 5647‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، پێیوایە هەرێم هیچ پاساوێكی نییە بۆ نەبوونی یاسای بوودجە، لەئێستاشدا خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك نایاساییە، د.فازڵ  نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق لە دیدارێكی دواڕۆژ دەڵێت: "كێشە سیاسی و ئابورییەكانی عێراق مەترسییان لەسەر هەرێم نییە، تا ئامادەكردنی بوودجەش كێشەی مووچەی فەرمانبەران نامێنێت، بەڵام دواتر بەپێی رێككەوتنی نوێ دەستكاری بڕی بوودجەی هەرێم دەكرێت".

دواڕۆژ: دواین رووداوە سیاسی و ئەمنییەكان چارەنووسی ئابوری و دارایی عێراق بە كوێ دەگەیەنێت؟

فازڵ  نەبی: دۆخە ئابورییەكەی باشتر دەبێت، هۆكاری سەرەكی  بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، مانگانە حەوت ملیار دۆلار  داهاتی لە فرۆشی نەوت دەست دەكەوێت،  ئەو ترسەی كە هەیە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكایە، ئەگەر توند بونایە لەسەر جێبەجێكردنی، لە كۆمەڵێك خاڵدا عێراق تووشی زیانی گەورەی دارایی دەكرد، دۆخی لەرووی ئابورییەوە لە ئێران خراپتر دەبوو، كاربەدەستانی باڵای كە راستەییەكان دەزانن بابەتی دەرچوونی هێزی ئەمریكایان خاو كردەوە، دەرچوونی ئەمریكا لە عێراق روونادات، بۆیە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئابوری عێراق و هەرێم نییە و روونادات، ئەوەی كێشەیە  تەنیا بوودجەیە حكومەتی كاربەڕێكەر نەیتوانی بوودجەی 2020 بنێرێتە پەرلەمان، تەنیا یەك لەسەر 12ی بوودجە خەرج دەكرێت، لە رووی بەرگەڕخستنەوە كە وەبەرهێنان-یش دەگرێتەوە رادەوەستێت تا پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە ناتوانرێت هیچ بڕە پارەیە خەرج بكرێت، بەمەش كێشە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دروست دەبێت.


دواڕۆژ: داهاتی نەوتی عێراق لە بانكەكانی ئەمریكادایە، ئایا بڕیارەكەی پەرلەمان مەترسییە لەسەر لەناوچوونی ئەو داهاتە؟
فازڵ  نەبی: عێراق تەنیا پارەی داهاتی نەوتی لەو بانكانەدایە، ئەو حسابەش  دێتەوە بۆ بانكی ناوەندی و مانگانە خەرج دەكرێت، چەند رۆژێك جارێك  نزیكەی 3 ملیار دۆلار لەو بانكانە دادەنێت، ئەو پارانەی تر  كە باس دەكرێن لە دەرەوە عێراق هی بانكی ناوەندییە، ئەم بانكەش بەشێكە لە دەوڵەت نەك حكومەت، بانكە مەركەزییەكانیش پارێزبەندی نێودەوڵەتییان هەیە، كەس ناتوانێت پارەكانیان بلۆك بكات، بەڵام بە نەمانی ئەمریكا لە عێراق كۆمەڵێك كێشەی گەورەی دارایی و ئابوری بۆ دروست دەكات.


دواڕۆژ:  قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراق دەگاتە نزیكەی 200 ملیار دۆلار، ئەوكاتەی ئێوە لە بەغدا بوون چۆن دەوڵەت كەوتە ژێر باری ئەم قەرزەوە؟ كێ هۆكار بوو؟
فازڵ  نەبی: كۆمەڵێك قەرزی كۆنی سەردەمی رژێمی پێشووی لەسەرە كە نزیكەی 120 ملیار دۆلارە، حكومەت بە رێككەوتن توانی بڕێكی زۆری لێ كەم بكاتەوە كە نزیكەی 80% ئەو قەرزانە بوو، 20%ی بە قیستی درێژخایەن دەداتەوە، جگەلەوە قەرزی مردووی لەسەرە كە هی چەند دەوڵەتێكە و داوایان نەكردووە، بڕەكەی نزیكەی 45 ملیار دۆلارە، ئەو كاتەی لە بەغدا بوین چەند جارێك لەگەڵ دەوڵەتانی خلیج كۆبووینەوەن پێیان راگەیاندین كە داوای ئەو قەرزانە ناكەن، قەرزی سێیەم ئەوانەن كە عێراق بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان وەری گرتوون لە یابان، بەشێك لەو قەرزەی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بوودجە بەكارهێناوە، لەدوای 2014 نرخی نەوت دابەزی، داهاتی فرۆشی نەوت مانگانە نزیكەی 2 ملیار دۆلار بوو، ئێستا 7 ملیار دۆلارە ئەو بڕەش بەشی هیچی نەدەكرد، تەنیا مووچەی فەرمانبەران 3 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە، ناچاربووین قەرز لە بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی وەربگرێت، لەگەڵ چەند قەرزێك لە بانكەكانی رافیدەین و رەشید،  ئەو كورتهێنانی لە بودجەدا پێ پڕبكرێتەوە.


دواڕۆژ: بڕی چەند فائیدە دەچێتە سەر ئەو قەرزانە؟
فازڵ  نەبی: ئەو قەرزانەی لە دامەزراوە داراییەكانی دەرەوە وەرگیراون، رێژەی فائیدەكەی لە 1% تێناپەڕێت، زۆرترینی كە سەنەداتی دەرەكییە 1.47% بووە، رێژەكانیان كەمە، قەرزەكانی سەردەمی سەدام درێژ خایەنن، فائیدەی زۆریان لەسەرە، ساڵانەش عێراق رێژەیەكی باش فائیدە دەدات، هەرچەندە ئەو رێژانە كاریگەرییان نییە لەسەر بوودجەی گشتی.


دواڕۆژ: هەندێك لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا باس لە نەبوونی كاریگەریی رووداوە سیاسی و گۆڕانكارییە ئابورییەكانی عێراق دەكەن لەسەر هەرێم، تاچەند ئەم دڵنیاییە دروستە؟
فازڵ  نەبی: لە دوولایەنەوەیە، ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت كاریگەریی خراپی هەیە، بەڵام مەترسی نییە لەسەر ئابوری عێراق و هەرێم، بابەتی بوودجەیە كاریگەریی لەسەر هەرێم هەیە، بەپێی یاسا مانگانە 453 ملیار دینارە دێت كە هەمان بڕەكەی ساڵی رابردووە بەبێ كێشە دەنێردرێت بۆ هەرێم، ئەگەر ئەم بڕە پارەیە ببڕدرێت وەكو كورد دەتوانین لە دادگای ئیتیحادی داوای یاسایی لەسەر حكومەتی عێراق تۆمار بكەین، چونكە لە یاسای ئیداری داراییدا باس لەمە كراوە، بەڵام هیچ مەترسییەك لەسەر مووچە نییە، تا ئەوكاتەی بوودجەی 2020 پەسەند دەكرێت، دواتر بە بوودجەی نوێ كاردەكرێت بەپێی رێككەوتنی نوێی هەرێم و ناوەند-یش دەستكاری ئەو بڕە پارەیە دەكرێت.


دواڕۆژ: پاش یاسای چاكسازی لە مووچەدا، پێتوایە دەبێت یەكەم كاری حكومەت ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایی بوودجەی 2020 بێت؟
فازڵ نەبی: بوودجە ئەو یاسایەیە كە رێگە بە حكومەت دەدات پارەی وڵات بەكاربهێنێت، بەبێ بوونی ئەم یاسایە هەر پارەیەك خەرج بكرێت نایاساییە، حكومەتی هەرێم هیچ بیانوویەكی نییە تا یاسای بوودجە ئامادە نەكات، مەرج نییە بزانرێت لە بەغدا چەند پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت، لەگەڵ ئەو پارەیەی بەغدا و داهاتی هەرێم دەتوانرێت بوودجەی گشتی ئامادەبكرێت، نازانم بۆ چەند بەرپرسێك هۆكار دەهێننەوە بەوەی نازانرێت لەبەغداوە چەند دەنێردرێت، ئەمە راست نییە، دەتوانرێت تەخمین بكرێت و رێگەش دابنرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، یاسای بوودجە نەبێت ئەو پارانەی ئێستا لە هەرێم خەرج دەكرێن نایاسایین، داوا دەكەم بۆ نەمانی كێشەی دارایی حكومەت پڕۆژە یاسای بوودجە ئامادە بكات.
 
 پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure