كۆمپانیایەكی تازە هیچ شتێكی تایبەت ناهێڵێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/01/2020‌ :: 241‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز وتارێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی كۆمپانیایەكی نوێ‌ كە ئەگەر پڕۆژەكەی سەربگرێت ئیتر هیچ سنوورێكی تایبەت بە مرۆڤەكان نامێنێت.

كۆمپانیاكە وێنەی خەڵكی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتی و شوێنەكانی تر كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت هاوشێوەكەی بدۆزێتەوە و ئەمە لەڕاستیدا ئەو چاودێریە بەردەوامەیە كە پێشتر جۆرج ئۆرویڵی نووسەر ئاماژەی بۆكردبوو.

خاوەنی بیرۆكەكە كەسێكە بەناوی هوان تون زات كە خەڵكی ئوستورالیایە و پێشتر لە دنیای فاشندا كاریكردووە و دواتر ئەپلیكەیشنێكی سادەی دروستكردووە لەسەر مۆبایلی ئایفۆن كە قژە زەردەكەی دۆناڵد ترامپ ئەلكێنێ‌ بە وێنەی تایبەتی خەڵكەوە. دواتر ئامێرێكی داهێنا كە یەكسەر ناسنامەكەت ئاشكرا دەكات و ئەیخاتە بەردەست سەدان ئاژانس و دامودەزگای تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسا لە سەرتاسەری دنیادا. 


بنكەی زانیارییەكانی ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە 4 ملیار وێنەی خەڵكی تێدایە. كۆمپانیا بچكۆلانەكەی ئەم كەسە ئەپلیكەیشنێكی بێ‌ وێنەی داهێناوە كە دەتوانێت روخساری هەموو كەسێك بناسێتەوە. لەڕێی ئەم ئەپلیكەیشنەوە تۆ دەتوانیت وێنەی كەسەكە بگریت و بیخەیتە سەر ئینتەرنێت و بڵاوی بكەیتەوە لەگەڵ تەواوی زانیاریەكاندا كە ئەو كەسەت لەكوێ‌ بینیوە و وێنەكە لەكوێ‌ گیراوە.


ئەم داهێنانە هەموو داهێنانەكانی دۆڵی سلیكۆنی تێپەڕاندووە. كارمەندانی جێبەجێكردنی یاسا دەڵێن لەڕێی ئەم تەكنۆلۆجیایەوە توانیویانە زۆر تاوانبار بدۆزنەوە كە دوكانیان بڕیوە یان ناسنامەی خەڵكیان دزیوە، تەنانەت ئەوانەش كە دەستدرێژیان كردووەتە سەر منداڵ.


لەڕاستیدا هەتا ئێستاش ئەو تەكنەلۆجیایانە قەدەغە كراون كە كەسایەتی مرۆڤ لەڕێگەی روخسارییەوە دیاریدەكەن چونكە ئیتر هیچ سنوورێك بۆ تایبەتیەكانی مرۆڤ نامێنێتەوە. كەچی لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 600 كۆمپانیا دەستیانكردووە بە بەكارهێنانی ئەم ئەپلیكەیشنە كە ساڵی رابوردوو بڵاوكرایەوە. تەنانەت دەتوانرێت بەم تەكنەلۆجیایە ئەو كەسانەش بناسرێنەوە كە بەشدارییان كردووە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكاندا.
ئەپلیكەیشنەكە تەنیا هەر ناوی كەسەكە ئاشكرا ناكات بەڵكو شوێنی ژیان و كۆمەڵێك زانیاری تریش ئاشكرا دەكات.


پسپۆڕان دەڵێن بەكارهێنانی ئەم تەكنەلۆجیایە بێ‌ مەترسی نییە چونكە دەتوانرێت بكرێت بە چەكێكی بێ‌ ئامان.
ئەوەی مایەی سەرنجڕاكێشانە بایەخدانی زۆری كۆماریخوازەكانی ئەمریكایە بەم تەكنەلۆجیایە كە بە كردەوە كەوتوونەتە ریكلامكردن بۆ كۆمپانیاكە. 


ئەپلیكەیشنەكە هێندە زیرەكە دەتوانێت لەڕێگەی وێنەی ناتەواویشەوە كەسەكە بناسێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر وێنەكە لەسەر لا گیرابێت یان بەشێكی روخساری دەركەوتبێت یان چاویلكەی كردبێتە چاوی یان شەبقەی لەسەردا بێت.

پسپۆڕانی بواری یاسا دەڵێن ئەوەی ئەم كۆمپانیایە كردوویەتی كارێكی ترسناكە بەڵام لە ئایندەدا زۆرتر و زۆرتر لەم جۆرە كۆمپانیایانە دەبینین چونكە ناتوانرێت بیركاری قۆرخ بكرێت و تاقە چارەسەر ئەوەیە كە یاسایەكی بەهێز دابڕێژرێت بۆ بەرگریكردن لە تایبەتمەندییەكانی مرۆڤ.


پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure