دایکێک پاڵەوانی چاکبوونەوەی منداڵە ئۆتیزمەکەی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/01/2020‌ :: 15845‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی  

رێنوار منداڵێکی شاری هەولێرە و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٩ و ئێستا تەمەنی نزیکە لە ١١ ساڵ، ئەو لە سێ ساڵیدا دەردەکەوێت کە نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکانیشی دایک و باوکی رێنوار (رەنجدەر و خەرمان) بەکوڵ دەستدەکەن بەگریان و بەدرێژایی ئەو رۆژە ناگەڕێنەوە ماڵەوە و خەفت بۆ کوڕە سێ ساڵانەکەیان دەخۆن.

خەرمان محەمەد دایکی رێنوار کە فەرمانبەری حکومەتە، بۆ دواڕۆژ، وتی: "زوو هەستم کرد هەر لەتەمنی یەک ساڵی کە کوڕەکەم کێشەیەکی تەندروستی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکەم منداڵمان بوو و هەروەها خەڵک دەیانوت هەندێک منداڵ خۆیان بەمجۆرەن بۆیە نەمدەتوانی سەد لەسەد دڵنیابم کە نەخۆشیەکی هەیە".

"رێنوار لە تەمەنی ساڵ و نیودا ئەو وشانەی کە فێری دەبوو و لە بیری دەچووەوە یاخود قسەی نەدەکرد، یا بێدەنگ و مات دەبوو، ئەوانە وایانکرد کە من سەد لەسەد گومانی ئەوە بکەم کە کوڕەکەم نەخۆشە، بۆیە ساڵی ٢٠١١ بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیم بینی لەبارەی نەخۆشی ئۆتیزم، هەر ئەوکات لای کەسوکارم و هاوسەرەکەم وتم کوڕەکەم ئۆتیزمی هەیە لە نیشانەکان دیارە، بەڵام هەموویان وتیان وانیە و نابێت بەو جۆرە لە کوڕەکەت بڕوانیت" دایکی وای وت.
رێنوار کوڕی یەکەمی خێزانەکەیەتی و ئەو لەکاتی ئاشکرابوونی نەخۆشیەکەی دایک وباوکی گریاند و ئیتر گریان و دڵتەنگی باڵی بەسەر ماڵەکەدا کێشابوو، تا دوێنێ دووشەممە ٢١ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دایک و باوکی بۆ جارێکی تر گریاند، بەڵام ئەمجارەیان گریانی خۆشی و شادی بووە، ئیتر هەمیشە رێنوار نەخۆشیەکەی کۆتایی هات و دایک و باوکیشی نهێنی زاڵبوون بەسەر نەخۆشی کوڕەکەیاندا بۆ دواڕۆژ ئاشکرا دەکەن و هاوکات پەیامێکیش لە رێگای دواڕۆژەوە بۆ دایکان و باوکان دەنێرن.

خەرمان محەمەد، لەباری چاکبوونەوەی کوڕەکەی و هەوڵەکانی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "دوای ئەوەی پشکنینەکان دەریانخست کوڕەکەمان ئۆتیزمی هەیە، مۆڵەتی بەخێوکەرم وەرگرت و خۆم تەرخانکردن بۆ خزمەتکردنی کوڕەکەم و هاوکات دەستم کرد بە گەڕان و بەدواداچوون لە ئینتەرنێت، بۆ ئەوەی بزانم نەخۆشیەکە چۆنە و دەبێت مامەڵەکردن لەگەڵی چۆنبێت، بۆیە جگە لە رێنمایی دکتۆر خۆشم رێگای ترم هەڵبژارد و تاقیمکردەوە و خۆشبەختانە سەرکەوتوو بووم".

دایکی رێنوار دەڵێت: "یەکەم کار کە کردم ئەوەبوو مۆبایل و ئایپاد و تەلەڤزیۆنمان لەماڵەوە هەڵگرت و نەماندایە دەستی و نەمانهێشت بەکاریبهێنیت، چونکە بەوە خراپتر دەبن، هاوکات هەمووکات ناچارم دەکرد کە پشت بەخۆی ببەستێت و ئاسایی مامەڵەم لەگەڵ دەکرد وەک منداڵێکی سەلامەت و نەمهێشت هەست بەوە بکات کە ئۆتیزمی هەیە".

دەشڵێت: "ئێمە رێنوارمان دەنارد بۆ باخچەی ساوایان و بەردەوام مامۆستایان دەیانووت وەرن بیبەنەوە، چونکە ئەو منداڵە ناتوانێت لەگەڵ منداڵانی تر ئاسایی بێت و ئەوە بۆ ئێمە ناخۆش بوو، بەڵام من رێگای ترم هەبوو بۆی".

"کاتێ رێنوارم لابواییە دەمبرد بۆ بازاڕ و رێگەم نەدەدا بەدڵی خۆی شت هەڵگرێت و بە ئارەزووی خۆی بکات و واتا ویژدانی خۆمم ئازار دەدا دڵی خۆمم وێران دەکرد بە گریانەوە رێگریم لە حەزەکانی دەکرد بەوە توانیم وای لێبکەم کە ئاسایی مامەڵە بکات و شتێک بڵێم بیکە بڵێت باش بڵێم مەیەکە بڵێت باش، ئەگەرنا منداڵی ئۆتیزم داوای هەمووشت دەکات". خەرمان محەمەد ئاوای بە دواڕۆژ وت.

دایکی رێنوار لەرێگای دواڕۆژەوە پەیامێکی هەیە و دەڵێت: "نابێت  دایکان و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم بەقسەی منداڵەکانیان بکەن دەبێت وابکەن منداڵەکانی ئۆتیزم بەقسەی ئەوان بکەن ئەوەش بە دوو رێگا دەکرێت، واز لە ویژدان و سۆز بێنن بەرامبەر بە منداڵەکەیان، دووەم گوناحە یا کێشەی تەندروستی هەیە یا نەخۆشە یا ئۆتیزمی هەیە نابێت بەهیچ جۆرێک ئەوەتان لەپێش چاوبێت، بۆ نمونە رێگری لێبکەن، ئازادی سنورداربێت، هەموو شتێکی بەقسە مەکەن، بەتەنیا بینێرنە مەکتەب و بازاڕ، من وامکرد بەتەنیا یەک رۆژ ناردمە مەکتەب، ئەوە بۆ ئەوە کە منداڵەکە هەست بکات مرۆڤێکی ئاساییە نەک ناتەواو، نابێت وای لێبکەن خۆی بزانێت کێشەیەک لەودا هەیە و جیاوازە".

خەرمانی دایکی دەڵێت: "هەندێکجار هێندە بەتوندی مامەڵەم لەگەڵ کردوە و شتەکانم لێی قەدەغەکردووە تەنانەت لەکاتی بازاڕکردنیشدا و لەماڵەوەش، بەکوڵ گریاوم بۆی بەڵام ویژدان و دڵی خۆمم وەلاناوە لەپێناو ئەوەی بتوانم وای لێبکەم باشتر بێت، سوپاس بۆ خوا سەرکەوتوو بووم و ئێستا رێنوار هیچ کێشەی نیە و ئۆتیزمی نەماوە ئەوەش بەپێی پشکنینی پزیشکی".

چیرۆکێکی تری رێنوار رەنجدەر ئەوەبوو ساڵی ٢٠١٥ رێنوار لە گەڕەکێکی شاری هەولێر و کاتێ دەچێتە دەرەوە ، کۆمەڵێک بێچوە سەگ دەبێنیت و دەچێتە لایان، بەهۆیەوە ژمارەیەک سەگی بەرەڵا پەلاماری دەدەن و چوار شوێنی جەستەی رێنوار بریندار دەکەن، ئەوە هێندەی تر بارودۆخەکەی خێزانەکەی و خودی رێنواری قورستر کردوە.

باوکی رێنوار بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "دوای رووداوەکە کە سەگەکان پەلاماریاندا، رێنوار تەندروستی باش نەبوو، بەڵام دایکی هێندە بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ کرد وەک نەخۆشێکی ئاسایی و توانی وایلێبکات کاریگەری ترسی سەگەکانی بەسەرەوە نەبێت و بەجۆرێک سەگی لا ببووە بە شتێکی ئاساییە ئەوەش لەرووی دەروونیەوە زۆر باشبوو".

رەنجدەر عەبدولڕەزاق، باوکی رێنوار تایبەت بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا زۆر جار بەدەست خۆت نیە لە دڵەوە دەگرێت، من تا ئێستا دووجار زۆر گریاوم، جارێک لە خەفەت و ناخۆشی و جارێکیش لە خۆشترین ساتی ژیانمدا ئەوانیش دووکات بوون یەکەم کە دکتۆر پێی وتین ڕێنواری کوڕت ئۆتیزمی هەیە، کە هاتینە دەرەوە لە نۆرینگەکە لەگەڵ دایکی زۆر گریاین".

دەشڵێت: "جاری دووەم دوێنێ دووشەممە ٢١ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بوو کاتێ لە ژووری بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هاتینە دەرەوە کە پێی وتین بەپێی پشکنینەکان کوڕەکەتان چاک بۆتەوە هیچ نەخۆشیەکی نەماوە و نابێت دایکەکەی مۆڵەتی بەخێوکەر وەربگرێت، بۆیە کە هاتینە دەرەوە من وهاوسەرەکەم لە خۆشیان زۆر گریاین بەتەنیا چونکە ئەوە رۆژێکی تایبەتە بۆ ئێمە".

رەنجدەر دەڵێت: "یەکەمجار سوپاسی خەرمانی هاوسەری ئەزیز و خۆشەویستم دەکەم کە ئەوهۆکاری سەرەکی بوو و گەیشتین بەو رۆژە و هەروەها سوپاس بۆ دکتۆرەکان کە وەکو کەس و کاری منداڵانی ئۆتیزم بوون لەگەڵمان بەتایبەت دکتۆر ملکۆ کە یەکەم ئومێدی چاک بوونەوەی ڕێنوار لەلای ئەوەوە چرۆی کرد و ئەمڕۆ بوو بە ڕاستی، هەزار جار سوپاس و چونکە ئیستا کوڕێک لەماڵی ئێمە نەماوە نەخۆشی ئۆتیزمی هەبێت و ئەوەش ئیرادەی دایکی رێنوار و ئیرادەی ئێمە بوو سوپاس بۆ هاوسەری ئەزیزم".

دوای ٨ ساڵ لە بڕیاری لیژنەی پزیشکی کە هەموو ساڵێک بڕیاری دەدا بەوەی دەبێت رێنوار کەسێک هەبێت ئاگای لێی بێت، چونکە نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە و بۆ ئەوەش دایکی مۆڵەتی بەخێوەکەری پێدەدرا، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بەفەرمی لیژنەی پزیشکی وەزارەتی کاروباری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای لەو فەرمانگەیە کردووە کە خەرمان محەمەد دایکی رێنوار فەرمانبەرە مۆڵەتەکەی هەڵبوەشێننەوە چونکە کوڕەکەی نەخۆشی ئۆتیزمی نەماوە".

ئۆتیزم نەخۆشەیەکی درێژخایەنە و دواکەوتن و گەشەنەکردنی تەواوی مێشک لە ڕووی چۆنیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەر و ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژی، بە شێوەیەکی گشتی ئەم نەخۆشییە پێش تەمەنی 4 ساڵان لەلایەن دکتۆرە پسپۆڕەکانەوە دەست نیشان دەکرێت، کۆمەڵێک نیشانەی هەیە لەوانە وەڵامدانەوەی بۆ کارتێکەرە دەرەکییەکان لاوازە، بە واتایەکی تر کاتێک کە ناوی دەهێنیت دەست بەجێ وەڵامت ناداتەوە،  حەز بە تێکەڵبوون ناکات، ناتوانێ باش گفتوگۆ بکات، هەندێک جوڵەی جەستەیی بە بەردەوامی دوبارە دەکاتەوە،  هەستیاری بۆ ڕووناکی و دەنگ زۆرترە، بە بەراورد بە هەستیاریی بۆ گەرمی و ئازار.

 

خەرمان محەمەد دوای ٨ ساڵ لە مۆڵەتی بەخێوکەر، ئەمساڵ بەفەرمی مۆڵەتەکە هەڵوەشایەوە و لەوبارەیەوە فواد سدیق بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی کار بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "من فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بەخێوکەری (خەرمان محەمەد باباکرا)م واژۆکردووە ئەوەش بە پشت بەستن بە ئەنجامی پشکنینکی لیژنەی پزیشکی تایبەت بەو منداڵە کە چیتر پێویستی بەوە نیە کەس چاودێری بکات".

نەجاح جەلیل جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئێمە هەڵسەنگاندمان بۆ تەندروستی منداڵەکە کرد، ناوی خۆی و باوکی و مەکتەبەکەی و تەنانەت قەڵەممان دایە دەستی شتی نوسی و هیچ کێشەی نەبوو، بۆیە پێویست نیە دایکی مۆڵەت وەربگرێت چونکە منداڵەک پێشتر تەندروستی خراپبووە، بەڵام ئیستا زۆر باشە و تەنیا کەمێک بێدەنگە ئەوەش نابێتە نەخۆشی".


دکتۆرە نەجاح جەلیل و هاوکات پزیشکی ئەندامی لیژنەی پێدانی مۆڵەتی بەخێوەکەرە، بۆ دواڕۆژ وتیشی: "بەپێی پشکنینەکانی ئێمە مناڵەکە چاکبۆتەوە بە بەراورد بە رابردوو، چونکە ئەو مناڵە دەچێتە خوێندنگا، زۆربەی شتەکان دەزانێت و ئەو مناڵە لەسەرەتاوە رێژەی ئۆتیزمەکەی کەمبووە و بەهەوڵی هەمووان ئێستا لە باشترین قۆناغداییە، منداڵ ئۆتیزمی سەدا ١٠٠ هەبێت، ناتوانێت شت بناسێتەوە، قسەی باش بکات و هەڵسوەکەوت بکات، ئەو منداڵە رێژە ئۆتیزمەکەی کەمبووەتەوە ئێستا چاکبۆتەوە، بۆیە من پیرۆزباییان لێدەکەم و ئێستا ئەوان خاوەن منداڵێکی ئاسایین و نابێت هیچ دایک و باوکێکیش بۆ هەر نەخۆشییەک دەروونی منداڵەکانی و خۆیان بڕوخێنن".

 



پ: ک. س
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure