حه‌وت په‌رله‌مانتار ناویان بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ى خانه‌نشینى تۆماركردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 21/01/2020‌ :: 899‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
له‌ دوای په‌سه‌ندكردنی یاسایی چاكسازی تاوه‌كو ئێستا حه‌وت ئه‌ندامی په‌رله‌مان بڕیاریانداوه‌ مووچه‌ی خانه‌نشینی ره‌تبكه‌نه‌وه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ نوسراویان ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كردووه‌ به‌ڵام ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاساییش ده‌ڵێت "پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی خانه‌نشینی هیچ ئیعتیبارێكی نییه‌، چونكه‌ ئه‌و فۆڕمه‌ هێزی یاسایی نییه‌".

دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابوردوو یاسای چاكسازی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكرا، له‌ خاڵێكی ئه‌و یاسایه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ په‌رله‌مانتار به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌توانێت مووچه‌ی خانه‌نشینی ره‌ت بكاته‌وه‌، له‌دوای په‌سه‌ند كردنی یاساكه‌ش تاوه‌كو ئێستا حه‌وت ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ نوسراوى فه‌رمى ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رنه‌گرن، كه‌ ئه‌وانیش پێنج ئه‌ندامی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ و دوو ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتین. 

به‌پێی دواین به‌دواداچوون كه‌ دواڕۆژ له‌ دیوانی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ى كانى دووه‌مى 2020 هه‌ریه‌كه‌ له‌ كاوه‌ عه‌بدولقادر، كازم فاروق نامق، مژده‌ مه‌حمود محه‌مه‌د، سیپان سالم حه‌سه‌ن، سیروان بابان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ جه‌لال په‌رێشان و سه‌روان هه‌ركی له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ فه‌رمی بڕیاریانداوه‌ خۆیان خانه‌نشین نه‌كه‌ن. 

رووپاك ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی خانه‌نشینی هیچ ئیعتیبارێكی نییه‌، چونكه‌ ئه‌و فۆڕمه‌ قوه‌تی قانونی نییه‌، چونكه‌ نه‌ فۆڕم هه‌یه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان تاوه‌كو داوای بكه‌یت خانه‌نشینی وه‌رنه‌گریت، تاوه‌كو ئێستاش یاساكه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌و پێویستی به‌ 90 رۆژه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت.

وتیشی :" وه‌رگرتنی فۆڕمی خانه‌نشینی ده‌كه‌وێته‌ كۆتایی خولی په‌رله‌مان نه‌ك ئێستا".
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure