عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌سه‌ر هێرشكردنه‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / عێراق :: 21/01/2020‌ :: 643‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ى كانونى دووه‌مى 2020 عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌رێكه‌رى عێراق ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كه‌یه‌ى كرد كه‌ شه‌وى رابوردوو كرایه‌ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غداى پایته‌خت و بڕیاریدا كه‌ لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر پێكبهێندرێت.

ئاژانسی هه‌واڵی عێرقییه‌، كه‌ میدیایه‌كی نیمچه‌ فه‌رمی حكومه‌ته‌ لەسەر زاری عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف وته‌بێژى عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌ك فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقەوە ئاشكرایكرد كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ئیدانه‌ی به‌ ئامانجگرتنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا ده‌كات، كه‌ سێ موشه‌كی ئاڕاسته‌ كراوه‌"

ده‌شڵێت:"ئامانجگرتنی باڵیۆزخانه‌ به‌ تاوانێك داده‌نرێت دژی نێرده‌ دیبلۆماسییه‌كان له‌سه‌ر خاكی عێراق".

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ی عێراقییه‌، عه‌بدولمه‌هدى ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدای راسپاردووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی خێرا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى موشه‌كه‌كانیان ته‌قاندووه‌ ده‌ستگیربكرێن.
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure