نرخى مریشك كه‌مده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 8404‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


له‌ سنوورى گه‌رمیان دواى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى مریشك بۆ سه‌روى سێ هه‌زار دینار، بڕیاردرا نرخه‌كه‌ بۆ دوو هه‌زار 750 دینار كه‌مبكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌نارده‌ى مریشكیش بۆ ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان قه‌ده‌غه‌كرا.
 

شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: " له‌پێناو به‌رژوه‌ندى گشتى و به‌ له‌به‌رچاوگرتنى بارودۆخی هاووڵاتیان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ نوێنه‌رى ئیداره‌ى گه‌رمیان قایمقامى كفرى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بڕیادرا به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ و جێگركردنى نرخى مریشك، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌ى هه‌نارده‌كردنى بۆ ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان".

وتیشى: "به‌پێى بڕیاره‌كه‌ نرخى مریشك كه‌مكرایه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك یه‌ك كیلۆ مریشك به‌ دوو هه‌زار و 750 دینار ده‌گاته‌ ده‌ستى هاووڵاتى و هه‌ر فرۆشیارێك له‌و نرخە زیاتر بفرۆشێت سزاده‌درێت، هاوكات له‌ پێناو به‌رزنه‌بوونه‌وه‌ى نرخ رێگه‌ناده‌ن له‌ گه‌رمیان مریشك به‌ره‌و ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق ببردێت". 

قایمقامى كه‌لار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خاوه‌ن كیڵگه‌كانیش زیانیان پێ نه‌گات بڕیاریانداوه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ نرخى ئالیكى په‌له‌وه‌ر بكه‌ن و نرخه‌كه‌ى كه‌مبكه‌نه‌وه‌". 

له‌به‌ر وه‌رزى سه‌رما و كه‌مبوونه‌وه‌ى مریشك له‌ كێڵگه‌كان نرخه‌كه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابووردوودا له‌ سنوورى گه‌رمیان یه‌ك  كیلۆ مریشك بۆ سه‌رووى سێ هه‌زار دینار به‌رزبووه‌وه‌ و له‌ ئێستادا سێ هه‌زار دیناره‌.  

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure