"تورکیا زیان بە گەشتیار و کۆمپانیاکانی گەشتیاری دەگەیەنێت"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 528‌ جار بینراوە

دواڕۆژ: ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو

دوای ڕووداوی کوژرانی کارمەندێکی کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر حکومەتی ئەنقەرە لە فڕۆکەخانەکانیان بەتایبەت لە ئەستەنبوڵ مامەڵەیان لەگەڵ گەشتیارانی کورد توندتر کرد بەجۆرێک پشکنینی زۆر توند و سەیرکردنی کەلوپەلی کەسی وەک مۆبایل، یان بەهانەی ناتەواوی ڤیزە لەکاتێکدا هەمان ڤیزە لە کونسوڵخانەکانیان بە گەشتیاران دراوە.

ئەم کردارانەی فڕۆکەخانەکانی تورکیا جگە لەوەی زیان بە کۆمپانیا و گەشتیارانیش دەگەیەنێت هاوکات ترسیشی خستووەتە دڵی گەشتیاران کە کەمتر گەشت بۆ وڵاتی تورکیا بکەن ئەمەش زیانی دارایی بە کۆمپانیاکانی گەشتیاری گەیاندووە.

هەوراز مامەند، لەگەڵ هەشت کەس لە خانەوادەکەی بەنیاز بوون لە تورکیا براکەیان ببینن کە دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە و بە گەشتێک سەردانی تورکیا دەکات، بەڵام بەهۆی وێنەی ئاڵای تورکیا و پێشمەرگە ڕێگەیان نادەن بچنە نێو خاکی تورکیا و دەیانگەڕێننەوە.

هەوراز، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "کاتێک تکتمان بڕی کۆمپانیاکە هیچ ڕونکردنەوەیەکی پێنەداین کە لە فڕۆکەخانە مۆبایلەکانمان دەپشکنن بۆیە ئێمەش لەنێو مۆبایلمان وێنەی خزمێکمانی تێدابوو کە پێشمەرگەیە من خۆم وێنەم لەگەڵی گرتووە لەگەڵ وێنەی ئاڵای کوردستان بۆیە بە توڕەییەوە ئێمەیان گەڕاندەوە".

هەوراز باس لە خەرجییەکانیان دەکات و دەڵێت: "ئێمە 9 کەس بووین هەر یەکێکمان نزیکەی 400 دۆلارمان خەرجکردبوو بۆ تکتی فڕۆکە و هۆتێلیش چونکە بە ئۆنلاین هۆتێلمان گرتبوو هەموو ئەو پارانەمان ڕۆیشت".

عەبدوڵا ئەحمەد، خاوەنی کۆمپانیای فایەر فینیکس، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ماوەیەکە گەشتیارانمان بەڕێژەیەکی بەرچاو لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا دەگەڕێندرێنەوە گەڕاندنەوەکەشیان بەهۆکاری جیاجیایە لەوانە هەیە بەهۆی بوونی وێنەی ئاڵای کوردستان یان وێنەیەک کە ئەوان بەدڵیان نەبێت یاخود بەبیانووی بوونی کێشە لە ڤیزە گەشتیاران دەگەڕێننەوە.

عەبدوڵا ئەحمەد، ڕاشیگەیاند: ڕۆژانە توشی کێشە دەبین لەگەڵ گەشتیارەکانمان چونکە کە دەیان گەڕێننەوە داوای پارەی تکتی فڕۆکە دەکەنەوە ئەوەش لە دەسەڵاتی ئێمە نییە چونکە ئێمەش لە کۆمپانیای سەرەکی هێڵەکە تکت دەکڕین.

تەڵوان سیوەیلی، بەرپرسی نوسینگەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ڕۆژانە گەشتیاران بۆ وڵاتی تورکیا گەشتدەکەن تا ئێستا هیچ گەشتیارێک نەهاتووە لای ئێمە سکاڵا بکات کە بەهۆی کێشەی ڤیزەکەی گەڕابێتەوە، کاتێک لە تورکیا دەیانگڕێننەوە بیانوویان پێدەگرن ئەگینا ئەگەر ڤیزە کێشەی هەبێت لە فڕۆکەخانە لای ئێمە دەرناچێت.

تەڵوان سیوەیلی، دەشڵێت: "لەو جۆرە کێشانە واتا گەڕاندنەوەی گەشتیار ئێمە بەرپرسیار نین پێویستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەت کێشەکە چارەسەر بکەن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانە و پێشتریش گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کردووە لەوبارەیەوە.

عەبدولسەلام ڕەشید، بەرپرسی ژووری پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئێمەش ئاگادرین لە خراپی مامەڵەی فڕۆکەخانەکانی تورکیا لەگەڵ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بۆیە لە ڕێگەی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بەرپرسانی تورکیامان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە بۆئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

عەبدولسەلام ڕەشید، ئاماژەی بەوەشدا: دوای ئاگادار کردنەوەکەی ئێمە چاودێری فڕۆکەخانەکان و هەماهەنگی دەکەین لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی بزانین ئەو کارەی تورکیا چارەسەر دەبێت یان نا، چونکە ئەگەر بەردەوام بێت ئەوە هەوڵی دیکە دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

دواڕۆژ پەیوەندی بە کونسوڵخانەی تورکیا کرد لە هەولێر، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ ڕونکردنەوەیەک بدەن لەوبارەیەوە.

ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا دەچن وەزارەتی ئامار و کلتوری تورکیاش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە  ئامانجیانه‌ رێژه‌ی گه‌شتیاران له‌ ساڵێكدا بۆ 70 ملیۆن به‌رز بكه‌نەوه‌ و داهاتیش بۆ 70 ملیار دۆلار به‌رز بكه‌نەوە.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure