ئەو باندەی 60 هەزار دۆلاریان دزی ئاشکراکران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 853‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

دوای تێپەڕبوونی ٧ رۆژ بەسەر دزینی بڕی ٦٠ هەزار دۆلار لەگەڕەکی رەحیماوا، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان ناسنامەی باندەکە ئاشکرا دەکات کە لە عەرەب و کورد پێکهاتوون.


عەمید قەیس عامر بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک ئەمشەو دووشەممە ٢٠ی کانونی دووەم لە لێدوانێکی تایبەتدا بەدواڕۆژی راگەیاند: لەرێگەی کۆکردنەوەی زانیاریەوە توانیویانە ناسنامەی ئەو باندە ئاشکرا بکەین کە دەستی هەبووە لەدزینی بڕی 60 هەزار دۆلار لە دراوفرۆشێکی گەڕەکی رەحیماوا.


وتیشی: "سێ کەسمان دەستگیرکردووە بەشدارن لەتاوانی دزییەکە، بەڵام جێبەجێکار نین، چونکە ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە پێنج کەسن و هەڵاتوون و هێشتا شوێنیان ئاشکرانەبووە".


بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی کەرکوک ئاشکراشیکرد کە سەرۆکی باندەکە عەرەبە و چەکداری حەشدی شەعبیە و خاوەن ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە تاوانەکەی پێی ئەنجامدرا بەجۆری جێب لاریدۆ، هاوکارەکانیشی کوردن و دانیشتووی گەڕەکی رەحیماوان.


عەمید قەیس عامر راشیگەیاند: سەرۆکی باندەکە پێشینەی تاوانکاری هەیە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.


لە ١٣ی ئەم مانگە ژمارەیەک چەکدار رێگایان لەدراوفرۆشێک گرت و دوای بریندارکردنی هاوڵاتییەکە بڕی 60 هەزار دۆلاریان دزی، دواتر لەرێگەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری جێب لاریدۆ هەڵاتن.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure