نەشتەرگەری چاو بە لەیزەر چۆنە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 619‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

لە ساڵی 1948دا خۆسێ‌ ئەگناسیۆ پاراكیر، كە پسپۆڕێكی زانیارییەكانی بینایی بوو هەستی بە بێزاریی كرد لە بەكارهێنانی چاویلكە. بیری لە چارەسەرێك كردەوە كە بینایی چاو چارەسەر بكات بێ‌ بەكارهێنانی یارمەتیدەری دەرەكی، واتە بەبێ‌ چاویلكە. بەڵام ئەو نەشتەرگەریەی كە دایهێنا تا رادەیەك ترسناك بوو. بریتی بوو لە تاشینی پێشەوەی گلێنەی نەخۆش و پڕكردنی بە تواوەی نایترۆجین. نەشتەرگەرییەكە ورد و درێژخایەن و مەترسیدار بوو. ئامانجیش لێی راستكردنەوەی قۆقزییەكەی گلێنە بوو.

بیرۆكەی ئەم نەشتەرگەریە بریتییە لە راستكردنەوەی قۆقزییەكەی گلێنە بە مەبەستی راستكردنەوەی هەڵەی شكاندنەوەی رەنگەكان، واتە ئەو رێگەیەی كە چاو تیشكە رەوانەكراوەكەی پێ‌ چڕ دەكاتەوە. هاوێنە و گلێنەی چاو پێكەوە كاردەكەن بۆ چڕكردنەوەی تیشكەكە لەسەر تۆڕی چاو بەڵام ئەگەر هەڵە لە شكاندنەوەی رەنگەكاندا دروست ببێت ئەم سیستمە ناسكە دەشێوێنێت. 

عەینەك و هاوێنەی چەسپیو بە جۆرێك كاردەكەن كە تیشكەكە وا بشكێتەوە قەرەبووی هەڵەكان بكاتەوە. بەڵام نەشتەرگەییەكەی ئەو زانا ئیسپانیە چاكسازیی لە خودی گلێنەدا دەكات. ئەمە بوو بە هەوێنی نەشتەرگەریكردنی چاو بە لەیزەر. كەرەستەكان هێندە وردن كە دەتوانن وشە لەسەر مووی مرۆڤ هەڵكەنن.
میكانیزمەكەی لەیزەر ئەوەیە شانە ئۆرگانیەكان دەكات بە هەڵم بەبێ‌ ئەوەی شانەكانی دەوروبەری لەناو چاودا گەرم ببن. لەیزەری چاو لە هەنگاوی یەكەمدا توێژاڵَێكی زۆر ناسك لە بەشی پێشەوەی گلێنە دەكاتەوە. لە رێگەی لەیزەرێكی زۆر وردەوە، كە ملیۆنەها بڵقۆكەی هەرە وردی پلازمان بەرهەم دەهێنێت بە مەبەستی دروستكردنی رووكارێكی تەخت لەژێر گلێنەدا. پاشان نەشتەرگەرەكان ئەم توێژاڵە باریكە دەخەنە لاوە و راستەوخۆ دەچنە ناو گلێنەوە. ئیتر لەیزەرە ترپەدارەكە خۆی بنكەی گلێنە دەتاشێت بەشێوەیەكی راست و دروست. ئەم پڕۆسەیە بۆ هەر چاوێك كەمتر لە 30 چركە دەخایەنێت. توێژاڵە لابراوەكە دەخرێتەوە شوێنی خۆی و خۆبەخۆ لە ماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا قەراغەكانیان دەلكێنەوە بەیەكترییەوە.

ئێستا ئەم تەكنەلۆجیایە گەشەی زیاتری كردووە و دەتوانرێت گەنجیەتی بگەڕێنرێتەوە بۆ چاوی بەساڵاچووان. میسۆدەكە پێی دەگوترێت لەیزەری بینایی تێكەڵ. نەشتەرگەرەكان لەم بوارەدا كارێك دەكەن كە یەكێك لە چاوەكان تایبەت ببێت بۆ بینینی دوور و چاوەكەی دیكە بۆ بینینی نزیك. بەڵام جیاوازییەكە ئەوەندە كەمە كە زوربەی نەخۆشەكان دەتوانن هەردوو بینینەكە تێكەڵ بكەن، واتە بە هەردوو چاوەكان پێكەوە هەموو دوورییەكان دەبینن.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure