كێبڵەكانی ئینتەرنێت لەژێر دەریادا
نەخشە هەرە گرنگەكەی جیهان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 379‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


نكوڵی لەوە ناكرێت كێبڵەكانی ئینتەرنێت كە بەژێر ئۆقیانووس و دەریاكاندا تێپەڕێنراون گرنگترین مەسەلەن لە جیهاندا. ئەوەی وایكردووە جیهان ببێت بە گوندێكی بچكۆلە و زانیارییەكان بە خێراییەكی بێ‌ وێنە بڵاوببنەوە كێبڵەكانی ئینتەرنێتە كە بە واتای تەواوی وشەكە جیهانی پێكەوە بەستووەتەوە.

بڕبڕەی پشتی ئینتەرنێت پێكهاتووە لە زنجیرەیەك كێبڵی تایبەت كە بەژێر ئۆقیانووس و دەریاكاندا دەڕۆن و تۆڕەكانی پەیوەندی وڵاتان پێكەوە دەبەستن. لە زوربەی حاڵەتەكاندا ئەم كێبڵانە موڵكی كۆمپانیا یان فیدراسیۆنی چەند كۆمپانیایەكە. هەندێكجاریش حكومەت بەتەواوی خاوەنیەتی یاخود خاوەنی رێژەیەكیەتی. ئەم كێبڵانە وەك رێگا خێرا كیشوەربڕەكانن، بەڵام لەباتی ئوتومۆبیل زانیارییان پێدا دێت و دەچێت.

یەكەمین كێبڵی تایبەت بۆ پەیوەندیكردن كە بە ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا تێپەڕێنرا، لە 16ی ئابی ساڵی 1858دا دەستی بە ئیشكردن كرد. ئەو كێبڵە ئاماژەكانی تەلێگرافی دەگواستەوە و بووە یەكەمین بەستەری پەیوەندیە خێراكان لەنێوان كیشوەرەكاندا. ئەمە رووداوێكی هێندە گەورە بوو كە پاشا و سەرۆكەكان پیرۆزباییان لە یەكتری دەكرد و ئاهەنگ و رێوڕەسمی گەورەی بۆگیرا.

ئەم دەستكەوتە گەورەیە بەری رەنج و كاركردنی نزیكەی 20 ساڵی بەردەوام بوو. نامە نێردراوەكە 17 كاتژمێری پێ‌ چوو تا گەیشتە شوێنی مەبەست، هەموو وشەیەك بە هێمانی مۆرس 2 خوولەك و 5 چركەی دەویست. ئەمە بووە دەستپێكی شۆڕشە جیهانییەكەی بواری پەیوەندییەكان.

كێبڵی ئێستا كە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكانی تلیفۆن و ئینتەرنێت بەكاردەهێنرێت جۆرێكی جیاوازترە لە كێبڵەكەی یەكەمجار. كێشی یەك كیلۆمەتر لەم كێبڵە نزیكەی 1.4 تۆنە. حاڵی حازر 99%ی ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان لەڕێی كێبڵە دەریاییەكانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم جۆرە كێبڵانە زۆر جێگای متمانەن و تواناكانیان لە توانای مانگە دەستكردەكان زیاترە لە بواری گواستنەوەی زانیاریدا.

كێشەی كێبڵە دەریاییەكانی ئینتەرنێت ئەوەیە كە پارەیەكی زۆری تێدەچێت، لەبەرئەوە بایەخی زۆری پێدەدرێت و تەنانەت هەندێك لە حكومەتەكان یەكەی تایبەتیان داناوە بۆ پاراستنیان و بە سەرچاوەیەكی گرنگی ئابووری نیشتیمانی دادەنێن.

 

لەڕووی سەربازیشەوە بایەخێكی زۆر گەورەیان هەیە بەجۆرێك كە ئێستا سوپای ئەمریكا هەموو زانیارییەكان لە سەرتاسەری زەوییەوە لەڕێی ئەم كێبڵانەوە دەگوازێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەركان لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا. لەبەرئەوەی زانا و ئەندازیار و كۆمپانیا ئەمریكییەكان رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە داهێنان و دروستكردنی بەشێكی زۆری ژێرخانی پەیوەندییە جیهانییەكان و هەروەها لەبەرئەوەی كە هێڵی زانیارییە سەرەكییەكان بە سنوورەكانی ئەمریكا و سنوورە دەریاییەكانیدا تێدەپەڕێت، ئەمریكا بە ئاسانی دەتوانێت سیخوڕی ئەلیكترۆنی ئەنجام بدات و گوێ‌ لە گفتوگۆ تەلەفونییەكان بگرێت.

خاڵی لاوازی كێبڵە دەریاییەكان ئەوەیە كە كاری تێكدەر و هێرشی ئەنقەستی مرۆڤ دەتوانن كێبڵەكان بپچڕێنن، ئەمە چەند جارێك لە رابوردوودا روویداوە. بەڵام پێدەچێت دەزگا سەربازییەكان و رێكخراوە حكومەتییەكان بەرنامەی یەدەكیان هەبێت بۆ پەیوەندیكردن لەڕێی مانگە دەستكردەكانەوە.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure