خۆپیشاندانه‌كانی عێراق باری ترانزێتی به‌ره‌و باشماخ گۆڕیوه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 405‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حه‌سه‌ن
بارگرژی و خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، جارێكی تر ئاڕاسته‌ی ترانزێتی به‌ره‌و مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ گۆڕیوه‌ و خاوه‌نی نووسینگه‌یه‌كی بازرگانی، ده‌ڵێت"له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ك ئوتومبێلی ترانزێت، كه‌ زۆرترین باری پۆشاك و كاره‌بایین، هاتوونه‌ته‌وه‌ مه‌رزی باشماخ".


كه‌مال مسته‌فا خاوه‌نی نووسینگه‌ی راپه‌ڕاندنی كاروباری بازرگانی له‌ناو مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند"له‌ماوه‌ی رابوردوودا هه‌موو ئه‌و (بار)انه‌ی به‌شێوه‌ی ترانزێت له‌ وڵاتانی چین و ئیمارات-ه‌وه‌ به‌ رێگای ئاویی ده‌هێنرانه‌ به‌نده‌ر عه‌باس-ی وڵاتی ئێران، روویان له‌ به‌نده‌ره‌كانی به‌سره‌ و شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق كرد. به‌ڵام چه‌ند رۆژێكه‌ به‌هۆی بارگرژی و خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، به‌تایبه‌تیش به‌نده‌ره‌كانی به‌سره‌، جارێكتر باری ترانزێت له‌ ئێرانه‌وه‌ روویان كردووه‌ته‌وه‌ مه‌رزی باشماخ".

كه‌مال مسته‌فا ده‌ڵێت:"پێشبینی ده‌كه‌ین ورده‌ورده‌ ترانزێت له‌ باشماخ زیاتر بێت و زۆرترین باره‌كانیش شتومه‌كی پۆشاك و كه‌ره‌سته‌ی كاره‌بایین".

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure