ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان جیابوونه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/01/2020‌ :: 1767‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
سێ په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنى جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌فه‌رمی وازهێنانی خۆیان له‌ جوڵانه‌وه‌كه‌ راگه‌یاند و له‌ فراكسیۆنه‌كه‌ش جیابوونه‌وه‌ و هاوكات، په‌رله‌مانتارێكیان ده‌ڵیت:"له‌مه‌ودوا به‌یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ین و چیتر په‌یوه‌ندیمان به‌ نه‌وه‌ی نوێ- وه‌ نه‌ماوه‌".

له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئه‌و سێ په‌رله‌مانتاره‌ (دیاری ئه‌نوه‌ر، سیروان بابان، مه‌م بورهان قانع) ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ موچه‌ی خانه‌نشینیی په‌رله‌مانتاری ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌شڵێن:"چه‌ند مانگێكه‌ به‌هۆی به‌لاڕێدابردنی فراكسیۆن و جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ‌ وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌ فراكسیۆن و جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ نه‌ماوه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستایشه‌وه‌ به‌ فه‌رمیی جیابونه‌وه‌ی خۆمان راده‌گه‌یه‌نین و وه‌كو په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌مێنینه‌وه‌".

له‌وباره‌یه‌وه‌ مه‌م بورهان قانیع بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت:"ئێمه‌ هه‌رسێكمان له‌گه‌ڵ شادی نه‌وزادى په‌رله‌مانتار به‌یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ین وه‌ك په‌رله‌مانتارانی سه‌ربه‌خۆ، ‌به‌ڵام نازانین فراكسیۆنێكى دیكه‌ دروست ده‌كه‌ین یان نا ، به‌ڵام یه‌ك هه‌ڵوێستمان ده‌بێت".

ده‌شڵێت:" ئێمه‌ ناچینه‌ ناو هیچ فراكسیۆنێكی دیكه‌ى په‌رله‌مانیه‌وه‌".

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure