پڕۆژەیەكی فاروق گروپ 10 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 20/01/2020‌ :: 2176‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پڕۆژەی شاری گەشتیاری دوكان كە لەلایەن فاروق گروپەوە جێبەجێ دەكرێت، دەتوانێت هەلی كار بۆ 10 هەزار كەس بڕەخسێنێت و دەبێتە پڕۆژەیەكی گەورە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


عەزیز رەشید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ئەمڕۆ 20ی كانوونی دووەمی 2020 بەدواڕۆژی راگەیاند: پڕۆژەی شاری گەشتیاری دوكان كە بەهاوبەشی لەنێوان فاروق گروپ و حكومەتی هەرێم جێبەجێ دەكرێت، یەكێكە لەپڕۆژە گەورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیكەی 10 هه‌زار هەلی كار دەڕەخسێنێت، ئەو پڕۆژەیە بودجەی بۆ دابین ناكرێت، چونكە بەشێوەی هاوبەش جێبەجێ دەكرێت، واتە حكومەت لەگەڵ وەبەرهێنەر لەجێبەجێكردندا بەشدارە.

ناوبراو وتیشی "ئێستا ئامادەكاری بۆ كراوەو كۆنووس پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، دوو بابەت ماوە بۆ جێبەجێكردنی، یەكێكیان حكومەت كە بەڕێژەیەك بەشدارە دەبێت لایەنێك ئامادە بكات جا كۆمپانیا یان كەس یان بەڕێوەبەرایەتی بێت، دووەمیش بڕی قەرەبووی زەوی هاووڵاتیان كە ئامادەكراوەو لەلایەن فاروق گروپەوە قەرەبوویان دەكرێتەوە".

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی باسی له‌وه‌شكرد: ماوه‌ی تەواوبوونیشی تا پێنج ساڵ دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی گەورەیی پڕۆژەكەوە رەنگە كاتی زیاتری بوێت".

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure