له‌ 2019 دەستەی ژینگە 190 ملیۆن دینار داهاتی هه‌بووه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 124‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

دەستەی  پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم ئامارو چالاکییەکانی ساڵی 2019ی ڕاگەیاند و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 190 ملیۆن دیناریان لە بەرامبەر دادگاو سکاڵای یاسایی وەرگرتووەو هەزار و 398 مۆڵەتیشیان بۆ هاووڵاتی دەستەبەرکردوە.


هەڵۆ عەسکەری سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم (ئەمڕۆ دووشەممە20ی کانوونی دووەمی 2020) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەساڵی ڕابردوودا  236 سکاڵایان تۆمارکردووە و بڕی زیاتر لە 190 ملیۆن دیناریان لەبەرامبەر سزاکان وەرگرتووە، هاوکات هەزار و 398 مۆڵەتی ڕێگەپێدانیان بۆ هاووڵاتیان دەستەبەرکردووە و 15 مۆڵەتیان ڕەتکردووەتەوە.

وتیشی "لەو سکاڵایانەی تۆمارکراون 33 سکاڵا لە هەولێر  تۆمارکراوە و بڕی 41 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە، لەسلێمانی 190 سکاڵا تۆمارکراوە و بڕی 51 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە و لە دهۆک لەکۆی 13 سکاڵا بڕی 99 ملیۆن دینار وەک سزا وەرگیراوە  کە کۆی گشتی پارەکە زیاتر لە 190 ملیۆن دیناربووە وبۆ حکومەتیان گەڕاندووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو: نزیکەی هەزار و 73 هەڵمەتی هۆشیاری و ڕاگەیاندنیان  ئەنجامداوە و سێ هەزار و 163 بەدواداچوونیشیان ئەنجامداوە. 

لەبارەی ڕێژەی سەوزایی هەڵو عەسکەری وتی "ڕێژەی سەوزایی لەکوردستان بەڕێژەی 12% یە، بەڵام بەپێی شوێنەکان جیاوازە، بۆ نمونە لە گەرمیان 3%یەو لە دهۆک 17%ی سەوزاییە.

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتی وەرگرتنی پارەی ژینگەی ئۆتۆمبێلەکان لە دەستەکەیان سەندراوەتەوە بەڵام  ئەو پارەیەش وەردەگیرێت و   20% ی بۆ وەزارەتی ناوخۆیە و 80%ی بۆ وەزارەتی داراییە.

وتیشی "بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لەداهاتوودا مۆڵەت بەپاڵاوگەکان دەدرێت لەژێر ڕێنمایی ژینگەیی و و دارایی کارەکانیان دەستپێبکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا لەساڵی 2010 دامەزراوین، بەڵام پەیکەری دەستەکەمان وەک پێویست نییە و تەنها  4%ی فەرمانبەرانمان بڕوانامەی ژینگەییان هەیە و لە 7% فەرمانبەران نەخوێندەوارن و 40% فەرمانبەران بڕوانامەی ئامادەییان هەیە، ئەمه‌ش وایکردووە وەک پێویست نەتوانین کارو ئەدای باشتر پێشکەش بکەین.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure