عێراق گڕ ده‌گرێت.. خۆپیشانده‌ران كۆڵناده‌ن

هەواڵ / عێراق :: 20/01/2020‌ :: 342‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەغدا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، خۆپیشاندان دەستیپێکردەوەو به‌ سووتاندنی تایه‌ چه‌ندین رێگا داخران، هێزە ئەمنییەکانیش لە بەغدا ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد کە بەنیازی بڕینی شەقامێکی سەرەکی بوون.


فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك کەسیان دەستگیرکردووە كه‌ ویستوویانە رێگه‌ی ژێرەوەی شەقامی خیرای محەمەد قاسم ببڕن.

هاوکات عەبدولکەریم خەڵەف وتەبێژی وتەبێژی فەرمی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، دەسەڵاتی داوەتە هێزە ئەمنییەکان هەر کەسێک فەرمانگەی حکومەت داخات و ڕێگەکان ببڕێت دەستگیری بکەن.

ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا داوای لە خۆپیشاندەران دەکات، گێچەڵ بە هێزە ئەمنییەکان نەگێڕن، رێگری لە گێرەشێوێنەکان و دەستی دەرەکی بکەن، هاوکاری هێزەکان بکەن بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران.

دەشڵێت "ئێمە پابەندین بە فەرمان و ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە پاراستنی خۆپیشاندانی ئاشتییانە و گۆڕەپانەکان".

هەر ئەمڕۆ لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، بەپێی میدیا عێراقییەکان کەسێک کوژراوە، ٣٧ کەسیش بە شیوازی جۆراوجۆر برینداربوون.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure