چه‌ندین رێگای چه‌ند پارێزگایه‌ك داخران

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1092‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ ناوخۆی پارێزگاكانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراق، به‌هۆی خۆپیشاندانی به‌رفراوان و پێكدادانی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، چه‌ندین رێگا داخراون.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ میدیاكانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌: چه‌ندین رێگه‌ی سه‌ره‌كی و شه‌قامی ناوخۆی پارێزگای نه‌جه‌ف به‌ سووتاندنی تایه‌وە داخراون.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی: هەروەها لە بەغدا خۆپیشانده‌ران رێگای خێرای نێوان به‌غدا و پارێزگاكانی باشوریان داخستووه‌، ته‌نیا رێگا ده‌ده‌ن حاڵه‌تێكی له‌ناكاو یان باری خواردن تێبپه‌ڕێت.

هێزە ئەمنییەكان به‌ گولـلە و گازی فرمێسكڕێژ ده‌یانه‌وێت لە گۆڕەپانی تەحریر و مەیدانی تەیەران و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ لە ناوەڕاستی بەغدا، بڵاوه‌ به‌خۆپیشانده‌ران بكه‌ن، بەوهۆیەوە دوو كەس كوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون.
خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و قه‌زاو ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ریان، تادێت فراوانتر ده‌بێت و به‌ سووتاندنی تایه‌و كردنه‌وه‌ی ئاگر رێگاكان داده‌خه‌ن.

خۆپیشانده‌رانی نه‌جه‌ف باسیان له‌وه‌كردووه‌ كه‌ داخستنی رێگاكان و توڕه‌بوونیان و سووتاندنی تایه‌ له‌و رێگه‌ و شه‌قامانه‌، به‌هۆی پشتگوێخستنی داواكانیانه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابوردوودا.

هاوكات په‌یامنێری عه‌هدنیوز رایگه‌یاندووه‌: خۆپیشانده‌ران به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی ره‌میسه‌و رێگه‌ی سه‌ماوه‌ به‌ره‌و ره‌میسه‌و دیوانیه‌یان داخستووه‌.

ره‌میسه‌ سه‌نته‌ری پارێزگای موسه‌ننایه‌و زیاتر له‌ 328 هه‌زار دانیشتووانی هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیش له‌ پارێزگای میسان ئاشكرای كردووه‌: خۆپیشانده‌ران چه‌ندین رێگه‌ی ده‌ره‌كی و پردی ناو پارێزگاكه‌یان داخستووه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure