یه‌كێتی پێكهێنانی ئۆرگانه‌كانى بۆ كاتێكی نادیار دواده‌خات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 543‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى ئاشكرایده‌كات: هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتیى و پێكهێنانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتیى بۆ ماوه‌یه‌كى نادیار دواده‌كه‌وێت.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى گشتیى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان ده‌ستیكه‌وتووه‌، "به‌هۆى ته‌واونه‌بوونى په‌یڕه‌وى ناوخۆ و بوونى ناكۆكى له‌ نێوان سه‌ركرده‌كانى ئه‌و حیزبه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كان، هه‌ڵبژاردن و دانانى سه‌رۆكى یه‌كێتیى و جێگر و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردن و لێپرسراوانى ئۆرگان و مه‌كته‌به‌كانى یه‌كێتیى، بۆ ماوه‌یه‌كى نادیار دواده‌كه‌وێت، تاكو ئێستاش هیچ رێككه‌وتنێكى پێشوه‌خته‌ بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان نه‌كراوه‌".

به‌پێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى گشتیى سه‌ركردایه‌تیش، تاكو دووباره‌ پێكهێنانه‌وه‌ی په‌یكه‌رى ئه‌و حیزبه‌ ئه‌نجامده‌درێت، ئۆرگانه‌كانى ئه‌و حیزبه‌ وه‌ك به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى گۆنگره‌  به‌ڕێوه‌ده‌برێن و سه‌رجه‌م به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ند و ئۆرگانه‌كانیش جارێ له‌ شوێنه‌كانى خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كاركردن و له‌ ئێستاشدا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان.

دواڕۆژ زانیویه‌تى پێدەچێت دانیشتنى سه‌ركردایه‌تى یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەروا بەکراوەیی بمێنێتەوە بۆ کاتێکی نادیارو له‌وانه‌شه‌ درێژە بکێشێت بۆ چەند مانگێك.

له‌باره‌ى سه‌رپه‌رشتیكردنى یه‌كێتیى، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى گشتیى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "بۆ بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كان، ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژوه‌ندى گشتیى به‌رپرسیار ده‌بێت.


پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure