چیرۆکی ئەو باوکە كورده‌ی بە ساڵێک وێنەی کوڕە ئۆتیزمەکەی كێشا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/01/2020‌ :: 1803‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
محەمەد ئیسماعیل هونەرمەندی شێوەکاری کوردە کە ماوەی 24 ساڵە لە هەندەران ژیان به‌سه‌رده‌بات، بەهۆی خۆشەویستی بۆ کوڕەکەی کە نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە، بڕیار دەدات پۆرترێتێکی تایبەتی بۆ دروستبکات کە ماوەی ساڵێکی خایاندووە.


ئەو پۆرترێتەی هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل تایبەتە بە کوڕەکەی "توانا" کە ئیستا تەمەنی 15 ساڵە و پۆرترێتەکە لەسەر وێنەیەکی ئەوکاتی کورەکەی كێشاویه‌تی کە تەمەنی سێ ساڵان بووە، به‌وته‌ی خۆی دواى ئه‌وه‌ی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كوڕه‌كه‌ی ئۆتیزمی هه‌یه‌ زۆر خه‌فه‌تی خواردووه‌و بڕیاریداوه‌ ئه‌و پۆرترێته‌ی بۆ دروست بكات كه‌ هه‌زاران هێما و ره‌نگی تیادایه‌. 

ئەو هونەرمەندە بۆ دواڕۆژ دەڵێت "دەمتوانی پرۆترێتی کوڕە ئۆتیزمەکەم زووتر تەواو بکەم، گەر ھەموو ڕۆژ و بە چڕی کارم تیایدا بکردایە، بەڵام ویستم پێیەوە ماندووبم و بە وردی کاری تیادا بکەم، ئەم تابلۆیەم بەجوانترین شێوەو تەکنیکی هونەری دروست کردوە، کە بە بۆیەی ئەکریلک لەسەر کانڤەس کارم لەسەر کردووە، پێوانی تابلۆکە 100×70 سم-ە ".

محەمەد ئیسماعیل لەدایکبوونی ساڵی 1971 شاری ھەولێرە، دوای چەندەھا پیشانگا و چالاکی ھونەری خۆی لەکوردستان، بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لە گۆڤاری ھەنگی منداڵاندا وەک سەرپەرشتیاری ھونەری و لاپەڕەسازی کار دەکات، دواتر بۆ ماوەی ھەشت مانگ وەک بەڕێوەبەر لە بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شێوەکاری کار دەکات، لەبەر نەبوونی چالاکی ھونەری لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ھۆی شەڕی ناوەخۆ، دواجار دەست لەکاردەکێشێته‌وه‌و ساڵی 1996 کوردستان جێدەھێڵێت و ڕوودەکاتە دەرەوەی وڵات.

لەبارەی ژیانی ئێستای، ئەو هونەرمەندە بۆ دواڕۆژ دەڵێت "دوای جیهێشتنی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە 24 ساڵ، ماوەی 17 ساڵە لە وڵاتی ھۆڵەندا نیشتەجێم، ھەر لەوێ له‌ ساڵی 2015 بەشی هونەری هاوچەرخم له‌کۆڵیژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی شاری ئەمستردام ته‌واوكردووه‌، خاوەنی دەیان پێشانگای هونەریم لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هاوکات بەسەدان کاری ھونەری و تابلۆم هەیە".

توانا كوڕی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كه‌ نه‌خۆشی ئۆتیزمی هەیە، نازانێت باوکی ئەو پۆرترێتەی بۆ كێشاوه‌و ناشزانێت باوکی سەرجەم کۆدەکانی نەخۆشی ئۆتیزمی بۆ کوڕەکەی کۆکردووه‌تەوەو لەوێنەیەکدا کە خودی کوڕەکەی تیادا وێنا دەکات، بەکۆڵیک ئازار و نەهامەتی و غەمناکییەوە.

"پۆرترێتی کوڕەکەم کە لەژێر ناوی تابلۆی "ئۆتیزم"ـه‌، ھۆکاری بریاردانم بۆ ئەم تابلۆیە ئەوەبوو کاتێک من و هاوژینەکەم بۆمان دەرکەوت منداڵی یەکەممان ئۆتیزمی ھەیە، ئیدی مەگەر خۆمان بزانین ئەم ھەستە چ زەحمەتێک بوو بۆ خۆم و ھاوژینم!"، محەمەد ئیسماعیل بۆ دواڕۆژ وای باسکرد.

ئەو هونەرمەندە، دەشڵێت "ئێمە ئەوکات وەک دوو ھاوسەری گەنج سەرەتای ژیانی ھاوسەرگیریمان بوو، ھیچ زانیاریشمان نەبوو لەو نەخۆشیە، بەناچاری ھەوڵی بەدواداچوونم دەدا، بە ئینتەرنێت زۆرم لەسەری خوێندەوە، ھەوڵی پرسیارکردنمان دەدا لە پسپۆڕانی ئەم بوارە، ئیدی کە زانیم دواڕۆژ چ زەحمەتیەک خۆم و ھاوژێنم چاوەڕێ دەکات، بریاری درووستکردنی ئەم تابلۆیەم دا". 

"بۆ ئەوەی وەک باوکێک خۆم فێرە سەبرکردن بکەم، ویژدانم ھەردەم پێی دەوتم ئەبێت باوکێکی بەسەبر و باش بم!، بۆ ئەوەی گرنگییەک و قودسیەتێک بدەمە حاڵەتی کوڕەکەم، ئەم تابلۆیەم خوڵقاند. گەر سەرنج بدەنە ئەو سیمبوڵ و ھێمایانەی کە پۆرتێتەکەیم پێی نەخشاندووە، پێم وابێت گەڕانەوەم بوو بەدوای کۆدی ئۆتیزمبوونی کوڕەکەم، بۆ ئەوەی لە داھاتووی ژیانماندا بتوانم بە شێوەیەکی ئاسانتر ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەم، بۆ ئەوەی لێی تێبگەم و ئەو لە ئێمە بگات"، هونەرمەند وای بۆ دواڕۆژ رونکردەوە.

هەروەها دەڵێت "سیمبوڵ و ھێماکانی دەمووچاوی پۆرترێته‌كه‌، گوزارشت لەو سیمبوڵ و کۆدانەی مێشکی کوڕە ئۆتیزمەکەم دەکات کە ئێمەی مرۆڤی ئاسایی توانای شیکردنەوەیمان نییە، بۆیە حاڵەتی ئۆتیزم بۆ ئێمەی مرۆڤی ئاسایی شتێکی نامۆیە، ھەروەکو ئەوە وایە ئێمە لە دونیایەکی تر و ئەویش لە دونیایەکی دیكه‌دا بێت، ھەر بۆیە ھۆی سەرەکی خوڵقاندنی ئەم تابلۆیەم گوزارشت لە خۆنزیککردنەوەم بوو لە دونیای کوڕەکەم".

دەشڵێت "گەر لە دوورەوە سەیری تابلۆکە بکەن پۆرترێتی منداڵێکی جوان بە شێوەیەکی ریالیزمی دەبینرێت، چەند لە تابلۆکە نزیک ببیتەوە ھێماو سیبۆڵەکان بەدەردەکەون، گەر زۆر لێی نزیکتر ببیتەوە ئەوە شێوە ڕیالیزمییەکەی ون دەبێت و تەنیا ھەزاران سیمبول و ھێمای ڕەنگاوڕەنگ بە شێوەیەکی ئابستراکت لەناویەکتردا دەبینرێت".

هونەرمەند لەبارەی کارەکەی بۆ کورەکەی باس له‌وه‌ده‌كات كه‌: بۆ ئەوەی کارەکەی لە ئاست خۆشەویستی کورەکەی بێت و خۆشەویستی خۆی دەربخات بۆ کورە شیرینەکەی، بریاریداوه‌ بە وردی کارەکە ئەنجام بدات. 

ھونەرمەند لە گرتە ڤدیۆیەکیدا تابلۆکە پیشاندەدات و لە لاپەڕەی تایبەتی فەیسبووکه‌كه‌یدا نوسیویەتی "تکا دەکەم ئەوانەی حەز و خولیایان لە ھونەرە، با بە جوانی وردی سەیری کارە ھونەرییەکەم بکەن، ئەوانەشی حەز و خولیایان نییەو لیی تێناگەن با کاتی خۆیان بەو کارەی منەوە بە فیڕۆ نەدەن".
 
ئەو هونەرمەندە کوردە خاوەنی سەدان تابلۆ و بەرهەمی هونەری ناوازیە، بەڵام خۆی گلەیی زۆری هەیە و دەڵێت "ئەوەی جێی سەرنجە زۆر لەکار و تابلۆ و پۆرترێتەکانم لە شوینە هونەرییەکان و ماڵەکانی ھۆڵەندا و وڵاتانی ئەوووپادا ھەیە، بەڵام بەداخەوە جێگای داخە کە لەناو کوردستان لە ھیچ ماڵێک، لە ھیچ باڵەخانەیەک، مۆزەخانەیەک، فەرمانگەیەکی حکومی، نەخۆشخانەیەک، هیچ کارێکی منی لێ نییە". 

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كورده‌ له‌ كۆتایی وته‌كانیدا به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كات، لە کوردستان چەندەھا کەس کتێبیان نوسیووە لەسەر مێژووی ھونەری شێوەکاری كوردستان، بەڵام بە وشەیەکیش بێت ناوی منیان تیادا نەنوسیوە، ھەروەکو ئەوە وابێت من بوونم نییەو نەبووە، کەچی هەموویان چاک دەزانن ساڵی نەوەدەکان چالاکتڕین شێوەکاربووم لە کوردستان و هاوکات لە دەرەوەی وڵاتیش بە بەردەوامیی کارو چاڵاکی ھونەری خۆم کردووە.

ده‌ڵێت "پیموایە گەندەڵی تەنیا لە پەڕلەمان و وەزارەتەکاندا نییە، بەڵکو لە دەزگا ڕۆشنبیرییەکانیشدا بەرباترە، ھەربۆیە بەهەموو بڕوامه‌وه‌ دەیڵێم "مێژوو بەوشێوەیە نییە کە دەنوسرێت، بەڵکو مێژوو بەوشێوەیەیە کە ڕوودەدات، سوپاس و ستایشی خۆم ئاڕاستەی ئەو نوسەرە بەڕێزانە دەکەم کە لە کتێبەکەیاندا باسی کار و چاڵاکییەکانی منیان کردووە".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure