شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2020‌ :: 8222‌ جار بینراوە

دوارۆژ، کۆجەر عەلی

کەشناسی هەرێم رایدەگەیەنێت: لە رۆژی هەینی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بارانێکی چڕ دەبارێت.

بژار ئەکرەم، بەرپرسی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان  بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو کاریگەرییە بارستە هەوا ساردەی لە دەریای ناوەڕاستەوە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە تا رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.

وتیشی: "رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە سنووری پارێزگای کەرکوک و تایبەت لە دووزخورماتوو و ناوچەکانی نزیک ئەو سنوورە بارانێکی زۆر دەبارێت".

روونیشیکردەوە: لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە کەشوهەوا  ئاسایی دەبێتەوە و ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما بە نزمی دەمێننەوە و کەشێکی سارد روو لە هەرێم دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد: رۆژی هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2020 کاریگەری شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر روو لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و بارانێکی زۆر لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت. 

روونیشیکردەوە: تا کۆتایی ئەم مانگە بە گشتی کەشوهەوا باراناوی دەبێت و ئاستی بارانبارین زیاتر دەبێت. 

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure