گروپێكی شاخه‌وانیی ئومێد بۆ چاكبوانی شێرپه‌نجه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/01/2020‌ :: 770‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، تابان ره‌زا

گروپی شاخه‌وانی چاكبوانی هیوا، له‌پێناو باشتركردنی ته‌ندروستیی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ دامه‌زراوه‌، ئامانجی دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هیوا و ئومێده‌ بۆ ئه‌و خانمانه‌ى كه‌ له‌ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌ و له‌دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری كیمیایی به‌شدارییان له‌و گروپه‌دا كردووه‌. 

غه‌زاڵ قادر، ته‌مه‌ن 50 ساڵ، چاكبووى نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك و به‌شداربووی گروپه‌كه‌، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "له‌پاش ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، ساڵی 2017 په‌یوه‌ندیم به‌ گروپه‌كه‌وه‌ كرد، سه‌ره‌تا نه‌مده‌توانی هیچ جووڵه‌یه‌ك بكه‌م، منداڵه‌كانم ده‌هاتنه‌ ژێرباڵم و زۆر بێتوانا و بێتاقه‌ت بووم، به‌ڵام كه‌ چوومه‌ گروپه‌كه‌وه‌ یه‌كه‌م جووڵه‌م له‌وێ بوو، پاش ئه‌وه‌ به‌رده‌وام وه‌رزشم ده‌كرد، ده‌چووم بۆ شاخ، ئێستا زۆر باشبووم و هیوا و ئومێدم بۆ گه‌ڕایه‌وه‌".

له‌علی ئه‌بوبه‌كر، ته‌مه‌ن 48 ساڵ كه‌ نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكى هه‌بووه‌، ده‌ڵێت: "له‌ڕێگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ى هیوا-وه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ گروپه‌كه‌وه‌ كردووه‌، هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌وه‌ توانیم وه‌رزش و شاخڕه‌وییش بكه‌م. ئه‌م گروپه‌ هیوای ژیانی پێ به‌خشیومه‌ته‌وه‌، چونكه‌  كه‌سێك بووم له‌ ژیان و له‌ هه‌موو شتێك دابڕابووم كه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بووم له‌ بارودۆخێكی خراپی ده‌روونییدا بووم، به‌ڵام له‌ رێگه‌ی گروپه‌كه‌وه‌ بووم به‌ كه‌سێكی به‌هێز و هیچ بیر له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌م ناكه‌مه‌وه‌".  

شه‌هلا عه‌لی، لێپرسراوی گروپی شاخه‌وانی چاكبوانی هیوا، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "له‌ ساڵی 2014وه‌ ئه‌م گروپه‌ دامه‌زراوه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك نه‌خۆش-ی چاكبووی نه‌خۆشخانه‌ى هیوا. ئه‌م نه‌خۆشانه‌ پاش ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا-وه‌ ره‌وانه‌ى لای ئێمه‌ ده‌كرێن و لێره‌ وه‌رزشكردن وه‌ك دواچاره‌سه‌رێك بۆیان به‌كارده‌هێنرێت. سه‌ره‌تا 120 نه‌خۆش بوون، پاشان هه‌موویان بیریان له‌وه‌ كردەوه‌ كه‌ گروپێكی شاخه‌وانی دابمه‌زرێنن به‌ دروشمی گروپی  به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ به‌ شاخڕه‌ویی ژینگه‌پارێزیی".

وتیشی: "ئامانجی سه‌ره‌كیمان ته‌ندروستی چاكبوانی شێرپه‌نجه‌ بووه‌، گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هیوا و ئومێد بووه‌. هه‌روه‌ها رێگه‌ی شاخ و ئۆكسجینی پاك یه‌كێك بوو له‌ چاره‌سه‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان كه‌ پێویست بوو بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌. هه‌فته‌ی سێ رۆژ وه‌رزش ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌چین بۆ شاخه‌كانی كوردستان و توانیومانه‌ به‌ به‌رزترین شاخدا سه‌ربكه‌وین له‌ وڵاتی ئێران".   

لێپرسراوی گروپی شاخه‌وانی چاكبوانی هیوا وتیشى: "له‌لایه‌ن مامۆستا (فه‌ره‌ح مورادی) كه‌ شاره‌زاى وه‌رزشه‌، راهێنان به‌ نه‌خۆشه‌كان ده‌كرێت و چۆنیه‌تی سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر شاخدا فێر ده‌كرێن و رێنمایی به‌ نه‌خۆشه‌كان ده‌دات و به‌رنامه‌ی خواردنیشیان بۆ داده‌نێت".

شه‌هلا ده‌ڵێت: "گروپه‌كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نێكی تێدایه‌ و هه‌موو چاكبووه‌وه‌ی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ن.  وه‌رزشی ئایرۆبیك ده‌كه‌ن كه‌ سوودێكی زۆری هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی هه‌یه‌ باری ده‌روونی تێكده‌چێت. سه‌ره‌تا كه‌ دێت، له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ رووخاو و بێتاقه‌ت و له‌بارێكی  ناهه‌مواردایه‌، به‌ڵام له‌وێ ده‌بینێت هاوڕێكانی وه‌ك ئه‌و وان، ئه‌ویش گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت و  رۆژبه‌ڕۆژ ئومێدی بۆ په‌یداده‌بێت، هێزێكی بۆ دروست ده‌بێت كه‌ زاڵبێت به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌یدا. به‌پێی ته‌مه‌نی كه‌سه‌كان و توانای رۆیشتنی نه‌خۆشه‌كه‌ كه‌ چه‌نده‌ ده‌توانێت بڕوات و هێزی رۆیشتنی هه‌یه‌ و ده‌توانێت به‌شاخدا سه‌ربكه‌وێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌به‌رچاو ده‌گیرێت".

له‌كۆتاییدا شه‌هلا عه‌لى لێپرسراوی گروپی شاخه‌وانی چاكبوانی هیوا، وتى: "سه‌ره‌تا گروپه‌كه‌ له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ى هیواوه‌ پاڵپشتی دارایی ده‌كرا، به‌ڵام دوایی به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ هیچ هاوكارییه‌كی نه‌كردوون، له‌كاتێكدا ئه‌م گروپه‌ هاوكارێكی باشی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ بووه‌، ئێستا خۆیان كرێی سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌ده‌ن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، بۆیه‌ داوا له‌ حكومه‌ت و كه‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌م هاوكاریی ئه‌م گروپه‌ بكه‌ن، چونكه‌ گروپه‌كه‌ هیوا ده‌به‌خشنه‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی چاكبووه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا-ن".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure