عیشقى هاوچه‌رخ

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 262‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وه‌رچه‌رخانه‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌كان و روودانى گۆڕانكاریى بنه‌ڕه‌تى به‌سه‌ر ژیاندا له‌ هه‌موو ره‌هه‌ندێكه‌وه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى لاى كۆمه‌ڵناسان دروستكردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌ و پێویستیشه‌ جیاواز بێت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى جاران. 


ئێستا له‌ رۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ و كتێب و ماڵپه‌ڕه‌كاندا به‌ ده‌یان وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ و رێنمایى هه‌یه‌ له‌سه‌ر عیشقى سه‌رده‌م. بۆ نموونه‌ له‌ رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزدا وتارێك مشتومڕێكى زۆر گه‌وره‌ى دروستكرد كه‌ ناونیشانه‌كه‌ى بریتى بوو له‌: (بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سێكت خۆش بوێت ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجام بده‌). 

ناونیشانه‌كه‌ زۆر نامۆ دیاره‌ چونكه‌ به‌ رواڵه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كى ئاڵۆزى پڕ له‌ نهێنى و ره‌هه‌ندى جۆراوجۆر ساده‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كى وا ئاسان كه‌ به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بێته‌دى. وتاره‌كه‌ باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ دوو كه‌سى به‌یه‌كترى نامۆ كۆمه‌ڵێك پرسیار له‌یه‌كترى بكه‌ن و چاو ببڕنه‌ چاوى یه‌كترى بۆ ماوه‌ى 4 خووله‌ك بێ ئه‌وه‌ى هیچ وشه‌یه‌ك له‌ ده‌میان بێته‌ ده‌ره‌وه‌. پرسیاره‌كان جۆراوجۆرن و ورده‌ ورده‌ ده‌بنه‌ پرسیار له‌سه‌ر بابه‌ته‌ كه‌سییه‌كان.

ئه‌زموونى رابوردوو سه‌لماندویه‌تى كه‌ ئه‌م رێكاره‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ دروستبوونى په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستیدا له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ رێنماییه‌كانیان جێبه‌جێ كردووه‌. 

پرسیاره‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌كان وا له‌هه‌ردوولایان ده‌كه‌ن هه‌ست به‌ نزیكییه‌كى زۆر بكه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا. ئه‌مه‌ ده‌كرێت بۆ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى دیكه‌ش به‌ كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه‌ سوودى لێوه‌ربگیرێت. ئه‌مه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ ده‌زانرێت له‌ هه‌ستیارترین بابه‌تى ژیاندا. چونكه‌ ژیانه‌ جه‌نجاڵه‌كه‌ى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ پڕه‌ له‌ چیرۆكى شكستخواردنى عیشق و په‌یوه‌ندییه‌ رۆمانسییه‌كان.

مرۆڤ چى له‌ خۆشه‌ویستى ده‌وێت، ته‌نیا دڵنیایى؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی خۆشت بوێم یاخود خۆشویستنێكى بێ كۆتایى؟ 

له‌ڕاستیدا عاشقبوون بابه‌تێكى زۆر سه‌رسووڕهێنه‌ره‌. تا بڵێیت دڵخۆشكه‌ره‌ به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا ترسناكه‌. له‌كاتێكدا كه‌ دان ده‌نێیت به‌ خۆشویستنى كه‌سێكدا له‌ڕاستیدا داننانه‌ به‌ له‌ده‌ستدانى زۆر شت. په‌یڕه‌وكردنى رێكارى ئه‌م پرسیارانه‌ وات لێده‌كات كه‌سى به‌رامبه‌ر به‌ خێرایى بناسیت. له‌هه‌مان كاتدا خۆتیشى پێ ده‌ناسێنیت كه‌ ئه‌مه‌ مه‌به‌ستى هه‌ردوولایه‌نه‌كه‌یه‌. واته‌ یه‌كترناسین و زانینى تێگه‌یشتن و تێڕوانینه‌كانمان.

لایه‌نێكى گرنگتر له‌ خوودى خۆشه‌ویستى مه‌سه‌له‌ى به‌رده‌وامبوونیه‌تى. كه‌واته‌ پرسیاره‌كه‌ با وا لێبكه‌ین، چۆن بڕیار ده‌ده‌یت كێ شایسته‌ى خۆشویستن و كێ شایه‌نى ئه‌وه‌نییه‌ خۆشت بوێت؟ له‌ بارودۆخه‌ ناڕه‌حه‌ته‌كاندا چۆن ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ ده‌پارێزیت؟ كه‌ى ده‌زانیت ئیتر پێویسته‌ بوه‌ستیت و بڕۆیت، چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و گومانه‌دا ده‌ژیت كه‌ هه‌میشه‌ به‌ ده‌ورى په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا ده‌سووڕێته‌وه‌، له‌وه‌ش زه‌حمه‌تتر چۆن له‌گه‌ڵ گومانى خۆشه‌ویسته‌كه‌تدا ده‌ژیت؟

كه‌وتنه‌ داوى عیشقه‌وه‌ واته‌ خۆشویستنى كه‌سێك به‌شه‌ ئاسانه‌كه‌ى چیرۆكه‌كه‌یه‌. له‌ڕاستیدا خۆشه‌ویستى روونادات به‌ڵكو شتێكه‌ خۆمان هه‌ڵیده‌بژێرین.

ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ بوارى دروستكردنى په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستیدا مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ ئه‌فسانه‌ى كردووه‌ به‌ حه‌قیقه‌ت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure