بابه‌ته‌ گرنگه‌كانى راپۆرتێكى هه‌واڵگریى ئیسرائیل بۆ ساڵى 2020

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 156‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

هه‌ڵسه‌نگاندنى ساڵانه‌ى هه‌واڵگریى به‌شە هه‌واڵگرییه‌كانى سوپاى ئیسرائیل بۆ ئه‌مساڵ گرنگترینى ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌رمانه‌ى تاوتوێ كردووه‌ كه‌ وه‌كو زریان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بۆیان هه‌یه‌ كاریگه‌رى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ى ئیسرائیل دروست بكه‌ن.


ئه‌و راپۆرته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌رى ده‌ستپێشخه‌رى جه‌نگێك دژى ئیسرائیل له‌ ساڵى 2020یشدا هه‌ر به‌ نزمى ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام بارودۆخه‌كان له‌ باكوورى وڵاتدا چاوه‌ڕوانكراوه‌ و بۆى هه‌یه‌ ببێته‌ مایه‌ى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگێكى مامناوه‌ندى.

راپۆرته‌ هه‌واڵگرییه‌كه‌ ده‌ڵێت: "سڕینه‌وه‌ى قاسم سلێمانى له‌ هاوكێشه‌كه‌ كارێكى گه‌وره‌یه‌ به‌ڵام هێشتا كاریگه‌رییه‌كانى به‌ته‌واوى ده‌رنه‌كه‌وتوون، زۆر زه‌حمه‌تیشه‌ جێگره‌وه‌كه‌ى بتوانێت ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ پڕبكاته‌وه‌ كه‌ سلێمانى به‌جێی هێشتووه‌".

راپۆرته‌ هه‌واڵگرییه‌كه‌ى ئیسرائیل ده‌ڵێت: "نه‌مانى سلێمانى به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئیسرائیل ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و رابه‌رى پرۆژه‌ى موشه‌كه‌كان بوو بۆ حیزبوڵـڵا و جێگیركردنى میلیشیا شیعه‌كان له‌ سوریادا". به‌پێى ئه‌و راپۆرته‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵـڵا جه‌نگى زۆر به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ به‌ڵام ئاماده‌یه‌ به‌رپاى بكات بۆ پارێزگاریكردن له‌ هاوسه‌نگى وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌ باكوورى ئیسرائیلدا. به‌پێى راپۆرته‌كه‌ به‌رده‌وامبوونى ئیسرائیل له‌ كار و كرده‌وه‌ى سه‌ربازى ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى كاردانه‌وه‌ له‌لایه‌نى به‌رامبه‌ردا و ره‌نگه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ جاران ئاڵۆزتر بكات.

ئه‌و راپۆرته‌ هه‌واڵگرییه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئیسرائیل پاش نه‌مانى سلێمانى گوشارى زیاتر بخاته‌ سه‌ر ئێران له‌ڕێى زیادكردنى كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌ سوریادا بۆ ئه‌وه‌ى ئێران نه‌توانێت خۆى جێگیر بكات له‌و وڵاته‌دا. چونكه‌ نه‌سروڵـڵا سه‌رگه‌رم ده‌بێت به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى لوبنانه‌وه‌ و ئێرانیش به‌هۆى كاریگه‌ریى سزاكانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئابورییه‌كه‌ى و زیادبوونى كێشه‌ ناوخۆییه‌كان نایپه‌رژێته‌ سه‌ر هیچ.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: كه‌ ئێران ورده‌ ورده‌ ئه‌و یه‌ده‌گه‌ ده‌خوات كه‌ له‌ دراوى قورس كۆیكردووه‌ته‌وه‌ و ناتوانێت دڵى هاووڵاتیانى خۆش بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تى ئێران سه‌قامگیره‌ و به‌ سه‌ركه‌وتوویى رووبه‌ڕووى شه‌پۆله‌كانى ناڕه‌زایه‌تى ده‌بێته‌وه‌.

نووسه‌رى راپۆرته‌كه‌ سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ راده‌كێشێت كه‌ ئێران ناچار ده‌بێت له‌ژێر كاریگه‌ریى قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌كه‌ و نائارامییه‌ ناوخۆییه‌كاندا بڕیارى سه‌خت بدات هه‌روه‌ها ناچاریش ده‌بێت هه‌ڵوێستى خۆى به‌رامبه‌ر پرۆژه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ ئێران خۆى ئاماده‌ ده‌كات بۆ سازشكردن به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنى وتووێژى ئاینده‌یى بۆ واژۆكردنى رێككه‌وتننامه‌یه‌كى نوێ.

راپۆرته‌كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئیسرائیل له‌ڕووى هه‌واڵگرییه‌وه‌ به‌ وردى چاودێرى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران بكات تا دڵنیابێت كه‌ رێڕه‌وێك وه‌رناگرێت له‌ خۆرئاوا شاردرابێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى سوریاش راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت: ده‌رفه‌تێك هه‌یه‌ گۆڕانێكى ستراتیجى له‌ سوریادا به‌دى بهێنرێت تا ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ له‌ ته‌وه‌ره‌ شیعه‌ییه‌كه‌ ده‌ربهێنرێت، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌نێوان واشنتۆن و مۆسكۆدا.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure