هەنگاوەکانی وەرگرتنەوەی متمانه‌ له‌بەرپرسێکی هەرێم دەستیپێکرد

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2020‌ :: 7732‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،  بڕیار  محەمەد 

به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌میكانیزمى چۆنیه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافه‌كانى مرۆڤ و به‌دواداچوون بۆ هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانى ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ى له‌چه‌ند رۆژى رابوردوودا كۆتایی به‌ژیانى هات، ئه‌مڕۆ لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر میكانیزمى چۆنیه‌تیى وه‌رگرتنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ (زیا په‌ترۆس) سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافه‌كانى مرۆڤ كرا به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناوبراو له‌ماوه‌ى رابوردوودا هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌رله‌مانى كوردستاندا پچڕاندووه‌ و پابه‌ندى بڕیاره‌كان نه‌بووه‌.

لیژنه‌کە بڕیاریدا به‌نووسراوى رەسمى داوا له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان بكات كه‌ به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستبكرێت به‌هه‌نگاوه‌كانى وه‌رگرتنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافه‌كانی مرۆڤ.

هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی گیان له‌ده‌ستدانى هاووڵاتى (مه‌جید هه‌رووتى) كه‌ پیشه‌ى پێشمه‌رگه‌بووه‌ كرا، ئه‌و گفتوگۆیه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ قسه‌ى دژبه‌یه‌ك له‌نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و خانه‌واده‌ى پێشمه‌رگه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانی هه‌یه‌، دوای گفتوگۆكردنی پرسه‌كه‌ لیژنه‌ بڕیاریدا كه‌ به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ زانینى هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانى پێشمه‌رگه‌كه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure