مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی ئاشکرا دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 8391‌ جار بینراوە

دواڕۆژ  بڕیار  محەمەد 

ئەندامێکی  پەرلەمانی  کوردستان  مەترسییەکانی  پرۆژەیاسای  چاکسازی  دەخاتەڕوو،  دەڵێت: "چاکسازی لە دەرماڵە و خانەنشینی و پلە باڵاکان یەکێک لە مەترسییەکانی کە ئێستا هاتووەتە بەردەممان ئەویش بڕینی دەرماڵە ناجێگیرەکانی فەرمانبەرانە". 


رووپاک ئەحمەد، پەرلەمانتاری  فراکسیۆنی  کۆمەڵ  لەپەرلەمانی  کوردستان  رایگەیاند:  پرۆژەیاسای چاکسازی لە دەرماڵە و خانەنشینی و پلە باڵاکان یەکێک لە مەترسییەکانی کە ئێستا هاتووەتە بەردەممان ئەویش بڕینی دەرماڵە ناجێگیرەکانی فەرمانبەرانە، بەپێی ئەم یاسایە دەسەڵاتی تەواو بەحکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە کە بە ئارەزووی خۆی دەستکاری دەرماڵە ناجێگیرەکان بکات، لەو دەرماڵانەی کە فەرمانبەران ساڵانێکە وەریانگرتووە لەهەر پلە و پۆستێکدا بەجیاوازی.

وتیشی: "بەپێی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان 25 جۆر دەرماڵە بوونی هەیە، بەڵام تەنیا چوار جۆر دەرماڵە جێگیرن، بەپێی ئەو یاسایە ئەوانیش (مووچەی بنەڕەتی، تایبەتمەندی بڕوانامە، تایبەتمەندی هاوسەری، تایبەتمەندی منداڵ)، واتا حکومەت دەستکاری ئەم دەرماڵە جێگیرانە ناکات، بەڵام هەر فەرمانبەرێک لەچوار دەرماڵە زیاتری هەبێت لە دەرماڵە ناجێگیرەکانی وەک (تایبەتمەندی مەترسی، چاودێری، نازناوی زانستی، الارزاق، شوێنی نیشتەجێبوون...هتد) ئەوا دەکرێت حکومەت دەستکاری هەموو ئەم دەرماڵانە بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد: بۆیە بەپێی بەدواداچوونەکانم حکومەتی هەرێم دەتوانێت پارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی ئاسایی بگێڕێتەوە کە ئەوانە وەکو مافێکی سەرەتایی لێهاتووە و چەندین ساڵە ئەم جۆرە دەرماڵانە وەردەگرن، بۆیە دەتوانێت لەهەر فەرمانبەرێکی ئاسایی لە 100 تا 200 هەزار و  زیاتریش کەمبکاتەوە لەمووچەکەی.

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەداوە کە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران زیادبکات، لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان مووچەی زیاد بەفەرمانبەرانی ئاسایی نادرێت، بەڵکو پێویست بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی لە گەندەڵی و ئەو کەسانەدا بکات کە تائێستا مووچەی بەناحەقیان وەرگرتووە و هیچ جۆرە کار و پیشەیەکیان نەکردووە و بندیوارن، لەجیاتی ئەوەی مووچەی ئەو جۆرە کەسانە ببڕێ دەچێت دەست بۆ دەرماڵەی فەرمانبەران دەبات کە ئەمە یەکێکە لە مەترسییە هەرە گەورەکان لە پرۆژەیاسای چاکسازی".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure