دەستەی دەستپاكی هەرێم رەخنە لە پەرلەمان دەگرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رەخنە لە پەرلەمان دەگرێت و رایگەیاند: پرۆژەیاسای هەمواری دەستەی دەستپاكیمان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان وەڵامی نەداوینەتەوە، داواشدەكات: دەسەڵاتەكانیان زیادبكرێت.  


ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: لە 16ی ئەیلولی ساڵی رابوردووەوە پرۆژەی هەمواری یاسای دەستپاكی دراوەتە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی هەموارەكە بخرێتە بەرنامەی كارەوە و پەسەند بكریت، بەڵام  تاوەكو ئێستا هەموارەكە كاری لەسەر نەكراوە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی وتیشی: "ئەم هەموارەی ناردوومانە هەر لای سەرۆكایەتی پەرلەمان ماوەتەوە و ئاڕاستەی لیژنەكانی پەرلەمان نەكراوە و ناشزانین هۆكارەكەی چییە؟"

ئاماژەی بەوەشکرد: لەناو ئەو هەموارەی كە ناردوویانە بۆ پەرلەمان  دروستكردنی دادگایەکی تایبەتمەند بە كەیسەکانی گەندەڵی تیادایە، هەروەك لەهەموارەكەدا زیادكردنی دەسەڵاتەكانی دەستەی دەستپاكی هەرێمی تیادایە و دەسەڵاتی دەستەكەمان زیادكردووە بۆ چاودێریكردنی دامەزراوەكانی حكومەت و فۆرمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامانی بەرپرسانمان فراوانتر كردووە، بۆیە دەخوازین پەرلەمانی كوردستان ئەو هەموارە بەهەند وەربگرێت و وەڵاممان بداتەوە.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure