ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی هەرێم و بەغدا لەبارەی سەرژمێری

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2020‌ :: 380‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2020 کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق لەشاری هەولێر تایبەت بە پرسی سەرژمێری دانیشتوان بەڕێوەچوو، تیایدا هەرێم مەرجەکانی رازیبوون بە سەرژمێری دا بە بەغدا.


لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا، دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: "پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەعێراق پێویستی بەهەماهەنگی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ سەرژمێرییەكی دروست و كاریگەر لەسەر پێشخستن و بەردەوام بوونی پرۆژە و بەرزكردنەوەی ژێرخانی ئابوری دەبێت، بۆ خزمەتی هاووڵاتیان نەک ئامانجی دیکە".

وتیشی: "لەکۆبوونەوەمان کە من وەک وەزیری پلاندانان و هاوکات ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و بریكار و بەڕێوەبەرانی گشتی هەردوو وەزارەت ئامادەی بووین، لەگەڵ وەفدێكی باڵای حکومەتی عێراق و بە ئامادەبوونی نوێنەری سندوقی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتوەكان، گفتوگۆمان لەبارەی سەرژمێری و میكانیزمەكانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەعێراق كرد و تیایدا مەرجەکانی خۆمانمان دایە شاندەکەی حکومەتی عێراق".

ئەوەشی وت: "بەڕاشکاویی وتمان کە وەک هەرێمی كوردستان ئامادەین و پێشوازی لە سەرژمێری گشتی دەکەین، بەو مەرجەی حكومەتی عێراق هاوكار و هەماهەنگ بێـت بەتایبەت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، بەو مەرجەی کە دەبێت نەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوە جیهانییەكان رۆڵی كارایان هەبێت لەچاودێری و سەركەوتنی سەرژمێرییەکە، دابینكردنی بودجە و پێداویستی و چۆنیەتی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکەش".

روونیشیکردەوە: راستە کە لەرابوردوودا چەندین كۆبونەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامدراوە، لەو چوارچێوەیەشدا روئیای حكومەتی هەرێم ئەوەیە کە چونکە دەرئەنجامەكانی سەرژمێری كە لای هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی عێراق، بۆیە دەبێت بارودۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان ئارام بکرێتەوە و کەشێکی ئاسایی بخولقێنرێت و نابێت مەرام و مەبەستی سیاسی لەپشتەوە بێت بۆ لێدان لە کورد و پێگەی کورد.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure