وه‌زاره‌تی دارایی یه‌که‌م بڕیاری له‌باره‌ی خه‌رجییەوە دەرکرد

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2020‌ :: 5445‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف


وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حکومه‌تی هه‌رێم، به‌گشتاندنی دارایی ژماره‌ (1)ی ساڵی 2020، چه‌ند خاڵێکی خستووەته‌ڕوو بۆ جێبه‌جێکردنی 1/12ی خه‌رجییه‌ (فیعلی)یه‌کانی ساڵی2019 تا په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020.

 

به‌پێی خاڵی یه‌که‌می روونکردنه‌وه‌که‌ی دارایی که‌ به‌ ژماره‌ (182) له ‌16/1/2020 ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان و فه‌رمانگه‌کانی نه‌به‌ستراو به ‌وه‌زاره‌تی کردووه‌، بڕیاریداوه‌ به‌ خه‌رجکردنی پێشینه‌ی به‌رده‌وام (نثریە)ی مانگانه‌ی داموده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم دوای نوێکردنه‌وه‌ی پێشینه‌ به‌رده‌وامه‌کانیان.

خاڵی دووه‌م له‌ روونکردنه‌وه‌که، ئاماژه‌ به خه‌رجکردنی کرێی ئاو و کاره‌با و ته‌له‌فۆنی نۆرماڵ بۆ ساڵانی (2019-2020) له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌نجینه‌کان ده‌کات، به‌پێی پسووڵه‌ی ره‌سه‌ن، تا بتوانرێت له‌ پێشینه‌ی به‌رده‌وامی مانگانه‌ خه‌رج بکرێت، ئه‌گه‌ر نه‌شتوانرا له ‌پێشینه‌ی به‌رده‌وامی مانگانه‌ خه‌رج بکرێت، له‌سه‌ر بودجه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیدار له‌لایه‌ن گه‌نجینه‌کانه‌وه‌ خه‌رج ده‌کرێت.

خاڵی سێیه‌می روونکردنه‌وه‌که‌ تایبه‌ته‌ به‌ دابینکردنی که‌لوپه‌لی زۆر پێویست و گرنگ (اثاث و اجهزە) له ‌چوارچێوه‌ی پێشینه‌ی به‌رده‌وامی مانگانه‌ به‌پێی بڕی پێشینه‌وه‌ و رێژه‌ی 25% تا بڕی 2 ملیۆن دینار، هه‌روه‌ها 17% بۆ بڕی 2 ملیۆن دینار تا 10 ملیۆن دینار، بۆ بڕی 10 ملیۆن دینار تا 25 ملیۆن دینار 10%ی خه‌رج ده‌کرێت و له ‌بڕی 25 ملیۆن دینار زیاتریش 7%ی خه‌رج ده‌کرێت.

سه‌باره‌ت به‌ پاره‌ی مانگانه‌ی پاککردنه‌وه‌ و خواردنی نه‌خۆشخانه‌کان و خواردنی به‌ندییه‌کان و خاوێنکردنه‌وه‌ی شار و شارۆچکه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان و کرێی ئۆتۆمبێل و خانوو و باڵه‌خانه‌، وه‌زاره‌تی دارایی روونکردنه‌وه‌ی داوه‌ که‌ به‌ جیا له ‌پێشینه‌ی به‌رده‌وامی مانگانه‌ی فه‌رمانگه‌کان خه‌رج ده‌کرێت به‌ڕه‌چاوکردنی رێنماییه‌ داراییه‌کانی تایبه‌ت به‌و بابه‌تانه، به‌مه‌رجێک له‌کاتی په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ی ساڵی 2020 و دابه‌شکردنی ته‌رخانی بۆ دابنرێت.

سه‌باره‌ت به‌ پاداشت و هاوکاریی، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری سه‌رجه‌م پاداشت و هاوکارییه‌کانی راگرتووه‌ جگه‌ له‌ به‌خشینی به‌رده‌ستی وه‌زیره‌کان نه‌بێت.

خاڵێکی دیکه‌ی گشتاندنی ژماره‌ (1)ی ساڵی 2020، ده‌ڵێت: "نابێت هیچ خه‌رجکردنێک له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆیی وه‌زاره‌ته‌کان و فه‌رمانگه‌کانیان بکرێت که ‌به‌پێی یاسا داهاتی خۆیان بۆ خۆیانه‌، به ‌مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له‌و داهاتانه‌ بۆ دابینکردنی سیوله‌ی نه‌ختینه‌یی (نقدی)، جگە له‌و حاڵه‌تانه‌ی که ‌به‌پێی فه‌رمانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان وه‌زاره‌تی دارایی، ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراوه"‌.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری نرخی دۆلاری به‌رامبه‌ر به ‌دیناری عێراقی دیاریکردووه‌ و ده‌ڵێت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داهات و خه‌رجی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به ‌دیناری عێراقییه،‌ بۆیه‌ نر‌خی دۆلاری ئه‌مه‌ریکی به ‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی به‌ بڕی (1200) هه‌زار و دوو سه‌د دینار بۆ هه‌ر (1) دۆلاری ئه‌مریکی هه‌ژمار ده‌کرێت".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure