سکاڵا لە دژی به‌ڕێوەبه‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك تۆمار ده‌کرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

چالاكێكی كورد له‌دادگای كه‌ركوك سكاڵای یاسایی دژی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت تۆماركرد به‌تۆمه‌تی به‌كارهێنانی نایاسایی دەسه‌ڵاته‌كانی.

ئه‌دهه‌م جومعه‌، چالاكی مه‌ده‌نی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی كانونی دووه‌م به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌ڕێوەبه‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌ده‌ر له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق كاری كردووه‌ كه‌ به‌نایاسایی داده‌نرێت، له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ش ئه‌مڕۆ له‌دادگای كه‌ركوك سكاڵای یاساییم له‌دژی تۆماركرد.

وتیشی: "به‌پێی بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق كه‌ ساڵی رابوردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ته‌ئكیدیان له‌سه‌ری كرده‌وه‌، نابێت هیچ پۆستێك له‌ئاستی به‌ڕێوەبه‌ری گشتی به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ببرێت، به‌پێی یاساكه‌ش ئه‌گه‌ر تاوه‌كو 25ی كانونی یه‌كه‌می 2019 هه‌ر به‌ڕێوەبه‌رێك جێگیر نه‌كرا ئه‌وا ده‌بێت پۆسته‌كه‌ی بگوازرێته‌وه‌ بۆ جێگره‌كه‌ی، بەڵام  به‌ڕێوەبه‌ری په‌روه‌رده‌ وێڕای ئه‌وه‌ی جێگیر نه‌كراوه‌، هاوكات ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی نه‌گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ جێگره‌كه‌ی كه‌ كورده‌".

راشیگه‌یاند: كه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م دادوه‌ری تایبه‌ت به‌ده‌ستپاكی له‌دادگای كه‌ركوك سكاڵای تۆماركردووه‌ دژی به‌ڕێوەبه‌ری په‌روه‌رده‌، سكاڵاكه‌ی رۆیشتووه‌ بۆ چاودێری دارایی و له‌ فه‌رمانگه‌ی ده‌ستپاكیش وته‌ی لێوه‌رگیراوه‌ ( ئیفاده‌) و كۆپییه‌كی سكاڵاكه‌شیان ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی كردووه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تاوه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ بكرێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌سكاڵاكه‌یدا روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ واژۆی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ به‌وه‌كاله‌ت له‌سه‌ر دامه‌زراندنه‌كان نایاساییه‌ و ئه‌گه‌ر دادگا بڕیار له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بدات ئه‌وا دامه‌زراندنه‌كان هه‌ڵدەوه‌شێته‌وه‌.

هه‌ردوو پێكهاته‌ی كورد و توركمان نیگه‌رانن له‌دامه‌زراندنه‌كانی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی پله‌ وه‌زیفییه‌كان ته‌رخانكراوه‌ بۆ عه‌ره‌ب و پێشێلكاری گه‌ورەش له‌دژی كورد كراوه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure