ئه‌حمه‌د سه‌فار: ئه‌مساڵیش وه‌كو خۆى مووچه‌ ده‌نێردرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 19/01/2020‌ :: 21734‌ جار بینراوە
بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان

دواڕۆژ، سامان قوبادى

"عێراق زیاتر له‌ 32 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانى سه‌نه‌دات ده‌كات له‌ گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا، بۆیه‌ بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق جگه‌ له‌ راگرتنى حسابه‌ بانكیه‌كانى له‌و وڵاته‌، هاوكات تووشى كاره‌ساتى گه‌وره‌ى دارایى ده‌كات". ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ قسه‌كانى ئه‌حمه‌د سه‌فار بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا و ده‌شڵێت: به‌غدا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌ك بودجه‌ى پڕۆژه‌ى نوێ خه‌رج ناكات، به‌ڵام ئه‌مساڵیش هه‌موو مانگێك له‌كاتى خۆیدا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌نێرێت.

دواڕۆژ: دۆخى دارایى عێراق له‌ ساڵى 2020دا چۆن ده‌بێت؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار:
به‌هۆى پێكنه‌هێنانى حكومه‌تى نوێوه‌، نه‌توانراوه‌ پڕۆژه‌یاسا بنێردرێت بۆ په‌رله‌مان، بۆیه‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتییش نانێردرێت. بودجه‌ى گشتى پلانى دارایى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی و چه‌ندین بوارى تره‌، واته‌ پلانى حكومه‌ته‌ بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ، ئه‌گه‌ر بودجه‌ نه‌بێت گه‌شه‌پێدانى ئابورى راده‌وه‌ستێت، ته‌نیا كار به‌ بودجه‌ى به‌گه‌ڕخستن ده‌كرێت كه‌ كاتییه‌ و پێكدێت له‌ مووچه‌ و پێداویستى رۆژانه‌، بۆیه‌ كاریگه‌ریى نه‌رێنى و خراپى ده‌بێت له‌ 2020دا.

دواڕۆژ: واته‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ پڕۆژه‌كانیش خه‌رج ناكرێت؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار:
ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ له‌ 2019 بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، چونكه‌ یاساى ئیداره‌ى مالى هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا ئه‌و پڕۆژانه‌ى ساڵى رابوردوو بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و بودجه‌یان بۆ خه‌رجده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى بێكارى و هه‌ژارى زیاتر نه‌بێت، جگه‌له‌وه‌ هیچ كه‌سێك دانامه‌زرێت و بودجه‌ بۆ هیچ پڕۆژه‌یه‌كى تر خه‌رج ناكرێت، ئه‌م حكومه‌ته‌ كاربه‌ڕێكه‌ره‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نییه‌ پاره‌ بۆ پڕۆژه‌ى نوێ خه‌رج بكات.

دواڕۆژ: ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ دووباره‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران رابسپێردرێته‌وه‌، راسته‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار:
به‌هۆى ئه‌وه‌ى كوتله‌كان رێكناكه‌ون، بۆیه‌ له‌ به‌غدا زۆر باس له‌ دووباره‌ راسپاردنه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كرێت بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، بۆیه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ هه‌ر ناوبراو كاندیدبكرێته‌وه‌، له‌م حاڵه‌ته‌دا سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانى كابینه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت.

دواڕۆژ: ئایا رێككه‌وتنى هه‌رێم و حكومه‌تى ناوه‌ند به‌یه‌كجارى هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار:
هه‌موو كاره‌كانى ته‌واوكراوه‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنى په‌یوه‌ندیى به‌ هه‌ردوو حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ دووباره‌ راسپاردنه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وكات ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر رایه‌كى جیاوازیش هه‌بێت، ئه‌وا دووباره‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا حكومه‌تى نوێ ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێم دانوستان بكات له‌سه‌رى، رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2020ه‌، به‌ڵام نه‌نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مان.

دواڕۆژ: دواكه‌وتنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم په‌یوه‌ندیى به‌ به‌غداوه‌ هه‌یه‌، یان وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم هۆكاره‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار:
تا 25ى هه‌موو مانگێك له‌ به‌غداوه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، كه‌ 453 ملیار دیناره‌، له‌كاتى خۆیدا و بێ دواكه‌وتن ده‌نێردرێت بۆ هه‌رێم، دڵنیاییش ده‌ده‌ینه‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌ ئه‌مساڵیش وه‌كو خۆى مووچه‌ ده‌نێردرێت، به‌ڵام دواكه‌وتنى له‌ دابه‌شكردنى په‌یوه‌ندیى به‌ حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ و وه‌زاره‌تى دارایى لێى به‌رپرسیاره‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ كێشه‌ى ته‌كنیكى و ته‌نانه‌ت یاساى چاكسازى كه‌ گۆڕانكاریى دارایى ده‌كات، هۆكاربن له‌ دواكه‌وتنى دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌رى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا، عێراق له‌ڕووى دارایى و ئابورى به‌تایبه‌ت بانكییه‌وه‌، رووبه‌ڕووى چى ده‌كاته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار:
ئه‌مه‌ بڕیارى تاكلایه‌نه‌ى ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌یه‌ كه‌ لایه‌نگیرى ئێران-ن، كورد و سوننه‌ و زۆربه‌ى شیعه‌كانیش رازیى نه‌بوون پێى. به‌جێبه‌جێكردنى ئه‌م بڕیاره‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئابورى عێراق ئه‌سیرى ئه‌مریكایه‌ و هه‌موو ئه‌و نه‌وته‌ى عێراق ده‌یفرۆشێت داهاته‌كه‌ى ده‌چێته‌ ژماره‌ حسابێكى بانكى فیدڕاڵى ئه‌مریكا، حسابه‌كه‌یش به‌ناوى وه‌زاره‌تى دارایى عێراق كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ ژێر پارێزگاریى سه‌رۆكى ئه‌مریكادایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و پارێزگارییه‌ لابه‌رێت سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ى قه‌رزیان لاى عێراقه‌ داواى ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌و هۆیه‌یشه‌وه‌ داهاتى نه‌وتمان به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌مده‌كات. ئێستا عێراق به‌بڕى 32 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار وه‌به‌رهێنان ده‌كات له‌ بوارى سه‌نه‌دات له‌ گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكادا، هه‌روه‌ها پاره‌یه‌كى زۆرى هه‌یه‌ له‌ بانكه‌كانى ئه‌مریكا، ئه‌و وڵاته‌ ده‌توانێت به‌ بڕیارێك ئه‌و حسابانه‌ رابگرێت، سزاى ئابورى و دارایى بخاته‌ سه‌ر عێراق، ئه‌وكات دۆلار كه‌م ده‌كات و به‌هاى دینارى عێراقى داده‌به‌زێت، هاوكات نرخى شتومه‌ك به‌رزده‌بێته‌وه‌، كۆمپانیاكان له‌ عێراق ده‌كشێنه‌وه‌.

دواڕۆژ: باسى قه‌رزت كرد، عێراق بڕى چه‌ند ملیار دۆلار قه‌رزاره‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار:
نزیكه‌ى 70 ملیار دۆلار قه‌رزارى چه‌ند وڵات و بانك و دامه‌زراوه‌ى داراییه‌، جگه‌له‌ قه‌رزى ناوخۆیى كه‌ زیاتره‌ له‌ 125 ملیار دۆلار، بۆیه‌ بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى عێراق نییه‌ و تووشى كاره‌ساتى دارایى گه‌وره‌ى ده‌كات.

دواڕۆژ: حكومه‌تى هه‌رێم چى بكات بۆ ئه‌وه‌ى 2020 ساڵێكى دارایى باشتربێت له‌ 2019؟ هاوكات رات چییه‌ له‌سه‌ر یاسای چاكسازى له‌ مووچه‌دا؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار:
پێموایه‌ كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى زۆر جدییه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانى، نیه‌تێكى پاك هه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌تى دارایى و ئابورى له‌ هه‌رێم دروستبكرێت، له‌كاتێكدا سامان و داهاتێكى باشى هه‌یه‌، كێشه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ رابوردوودا ئیداره‌یه‌كى دروست نه‌بوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنى، له‌گه‌ڵ بوونى گه‌نده‌ڵى، یاساى چاكسازیى داهاته‌كانى هه‌رێم زیاد ده‌كات و خه‌رجییه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌، سلبیاتى تێدایه‌ به‌ڵام هه‌نگاوێكى باشه‌، چونكه‌ جۆرێك له‌ عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌. به‌جێبه‌جێكردنى 2020 ساڵێكى دارایى باش ده‌بێت و گه‌شبینم، به‌ڵام پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا باشتربكرێت.

پ: ل. م
ب: شیروان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure