به‌دواداچوون له‌سه‌ر گیان له‌ده‌ستدانى پێشمه‌رگه‌كه‌ى یه‌كێتى ده‌ستپێده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 748‌ جار بینراوە
مه‌جید ئیبراهیم

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

سەرۆکی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ رایدەگەیەنێت: لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوونى هۆكارى گیانله‌ده‌ستدانی (مه‌جید ئیبراهیم) پێكده‌هێندرێت.


رێڤینگ هرورى، سەرۆکی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان (ئه‌مڕۆ یەکشەممە 19ى کانوونی دووەمی 2020) بە دواڕۆژی راگەیاند: ئه‌مڕۆ وەک لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ کۆبوونەوەیەکمان تایبەت بە کەیسی گیان لەدەستدانی (مەجید ئیبراهیم) ئه‌نجامدا کە كۆتایى هه‌فته‌ى رابوردوو گیانی لەدەستدا.

وتیشی: "لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێكردنی رووداوه‌كه‌ پرسی سەرەکی بوو، دوای تاووتوێكردنی بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت كه‌ بێلایه‌نانه‌ بەوردی به‌دواداچوون بۆ پرسەکە‌ بكات و به‌پێى به‌ڵگه‌كان راپۆرتى خۆى له‌ڕێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار بكات.

پێشتر لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سەوز بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دوو لیژنەی جیاواز لەسەر روودانی گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم پێشمەرگەی یەکێتی پێکدەهێنن بۆ ئەوەی ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بەدەستبێنن و بۆ رای گشتی ئاشکرایبکەن.

وتیشی: "لە پزیشکی دادی سلێمانی توێکاری بۆ تەرمەکە کراوە و ئەنجامەکەشی رادەستی هەردوو لیژنەکەی حکومەت و پەرلەمان دەکرێت".

سه‌رۆكى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: وه‌ك لیژنەکەیان پێشنیاریان كردووه‌ فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان هه‌ماهه‌نگیى زیاتریان هه‌بێت له‌كاتى روودانى حاڵه‌تى له‌وجۆره‌ و پێكه‌وه‌ یه‌كهه‌ڵوێست بن بۆ خستنه‌ڕووى راستییه‌كان بۆ راى گشتى.

دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لەلایەن هێزێکی ئەمنی سەر بەئاسایشی هەولێر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا، دواتر لە رۆژی 16ی ئەم مانگە هەواڵی گیان لەدەستدانی (مەجید ئیبراهیم) پێشمەرگەی یەکێتی بڵاوکرایەوه‌ به‌وه‌ى لەناو بەندیخانە خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە.

به‌ڵام كەسوكاره‌كه‌ى گومانیان لە گیان لەدەستدانەکەى هەیە، بۆیه‌ به‌ر له‌ به‌خاكسپاردنى تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و بەگوێرەی بڕیاری پزیشکی دادی ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان بەسەر جەستەیه‌وه‌ به‌دیكراوه‌.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure