شەفیقی حاجی خدر: وەرگێڕەکانمان بەدەگمەن نەبێ، بەخوێندنی تایبەت بەو بوارە نەبووەنه‌تە وەرگێڕ

هەواڵ / که‌لتور :: 22/01/2020‌ :: 500‌ جار بینراوە
شەفیقی حاجی خدر

دواڕۆژ، فەرمان رەشاد

شەفیقی حاجی خدر، یەكێكە لەو وەرگێڕە ناسراوانەی كە ماوەیەكی زۆرە خەریكی كاری وەرگێرانە، تائێستا 17 كتێبی لە زمانەكانی ئینگلیزی و هۆڵەندی-یه‌وه‌ وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. لەم دیدارەی دواڕۆژ-دا قسە لەسەر بواری وەرگێڕان بەگشتی و وەرگێڕانی كتێب بۆ سه‌ر زمانی كوردی و ئەو كێشانە دەكات كە رووبەڕووی وەرگێڕی كورد دەبنەوە.


دواڕۆژ: لە دیدی تۆ وەرگێڕی باش کێیە؟ دەبێت چ تایبەتمەندیەکی تێدابێت؟
شەفیقی حاجی خدر:
وەڵامی ئەم پرسیارە دووبڕگەییە تێکەڵبوونی دەوێ. بە واتایەکی دیکە، وەرگێڕی باش ئەو کەسەیە کە تایبەتمەندیی باشی وەرگێڕانی تێدا بەرجەستە ببێ. واتە دەبێ وەرگێڕی باش بە هەبوونی تایبەتمەندیی باش و سەرکەوتوو لە سەنگی محەک بدێ. تایبەتمەندی یان پێوەری باش و لێهاتوویش بریتین لەوەی یارۆی وەرگێڕ دەبێ لەڕووی تێگەیشتنەوە توانستی بەسەر هەردوو زمانەکەدا بشکێ و توانستی داڕشتنیشی بە زمانی بۆ وەرگێڕاو هەبێ. ئەگەر ئەمە وەک رێسا پێوەرێکی گشتی وەرگێڕان بێ، واتە هاوکێشەیەک بێ بۆ کاری وەرگێڕان، ئەوا تێگەیشتنی پاشخانی دەقەکە، هەروەها کلتووری ئەو زمانەی کە دەقەکەی پێنووسراوە، شتێکی یەکلاکەرەوەیە کە باشی و ناباشیی وەرگێڕی پێدەوێری. ئاخر سەرەتای کاری وەرگێڕان بە لێتێگەیشتن دەستپێدەکات. مرۆ تا باش لە دەقێک و مەغزاکەی نەگات، ناتوانێ بۆ کەسێکی دیکەی باسی بکات، خۆ ئەگەر باسیشی بکات، کرچوکاڵ دەردەچێ. ئینجا دەمێنێتەوە کارامەیی داڕشتنەوە، چونکە وەرگێڕان دەگوترێ داڕشتنەوەی دەقە، هەر بۆیەیش دەگوترێ داڕشتنەوە، چونکە یارۆی وەرگێڕ شتەکە نانووسێ، بەڵکو دوای تێگەیشتن لە زمانێک، بۆ زمانێکی دیکە دایدەڕێژێتەوە، لەمەشدا ئەرکەکەی لەوانەیە لە هی نووسەر قورستر بێ، چونکە چوارچێوەیەکی لەبەردەمدایە، بۆی نییە سنوورەکەی ببەزێنێ، بەڵام لە حاڵەتی نووسیندا، بیرۆکە و چوارچێوە لە ئارادا نییە. ئیدی تا چەند ئەو داڕشتنەوە سەلیقەی خوێنەر ئاودەدات، تا چەند بە بەدواییەکداهاتن و زمانپاراوی دەڕوات، تا چەند داڕشتنەوەکە لەگەڵ دەقی ماک هاوسەنگە، واتە تا چەند دەستپاک بووە، ئەوا هەموو ئەمانە تایبەمەندین کە حوکم لەسەر باشی و ناباشیی وەرگێڕ دەدا. هەڵبەتە لە وردکردنەوەی ئەم سەرەداوانەیشدا، وردەکاریی دیکە دێنەگۆڕێ، بەوەی جیاوازیی لە نێو وەرگێڕانی تایبەخۆ و وەرگێڕانی بەڕداندان، وەرگێڕانی ئارەزوومەندانە و پیشەمەندانە. بێگومان هەریەک لەمانە لێکەوتەی لەسەر باشی و ناباشیی کاری وەرگێڕاو دەبێ. 

دواڕۆژ: لە هەندێ زانکۆ وەرگێڕان وەک زانست دەخوێندرێت، ئایا دەکرێت بەبێ خوێندنی ئەکادیمی وەرگێڕ بتوانێت سەرکەوتوو بێت؟
شەفیقی حاجی خدر:
کاتێک وەرگێڕان وەک رشتەیەکی زانکۆ دەخوێندرێ، ئەوا وەرگێڕان دەبێتە بابەتی رشتەکە، مەرج و خاسیەت و رەهەندەکانی لێکدەدرێنەوە، ئەمە جیاوازە لەگەڵ بوون بەوەرگێڕ. مەرج نییە خوێندنەکە وا لە دەرچووی ئەم رشتەیە بکات ببێتە وەرگێڕ، چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، وەرگێڕان هەر زمانزانین نییە بەتەنیا، بەڵکو داڕشتنەوەی دەقیشە، داڕشتنەوەی دەقیش پێویستی بە پرۆسەیەکی ئەدەبییانەی بازنەی زمانی پێشوەختە هەیە، پێویستی بە خوێندنەوەی بەردەوام هەیە، هەڵبەتە سەلیقە و بەهرەیش رۆڵی خۆی تێدا دەگێڕێ. کاتێکیش هەموو ئەم خاسیەتانە لە کەسی وەرگێڕدا کۆببێتەوە، بێگومان وەرگێڕێکی سەرکەوتووی لێدەردەچێ. کاتێک کەسێک بەهرە و سەلیقەی وەرگێڕانی هەبێ، توانستی داڕشتنەوەی بە زمانی بۆ وەرگێڕاو هەبێ، هەڵبەتە بە خوێندنی زانکۆیش باقی شتەکانی دیکە وەردەگرێ، ئیدی هەموو ئادگارەکانی پێویستی و لە سەرووی پێویستیشی تێدا کۆدەبنەوە، بەمەیش بەرهەمێکی نایاب دێتەکایە. لیرەدا نابێ ئەوەیش لەبیر بکەین، کەوا ئەم رشتەیەی وەرگێڕانە لای خۆمان، شتێکی لەمێژینە نییە، هەروەها رەوتی مێژووی وەرگێڕانیش لای ئێمە سەلماندوویەتی کە وەرگێڕەکانمان هیچیان مەگەر بەدەگمەن نەبێ، بە خوێندنی تایبەت بە وەرگێڕان نەبووەتە وەرگێڕ.

دواڕۆژ: بە گشتی ئاستی وەرگێڕانە کوردیەکان چۆن دەبینی؟ پێتوایە ئەو بوارە پێویستی بە چ جۆرە رێکخستنەوەیەک هەیە و کێ بیکات؟
شەفیقی حاجی خدر:
ئەوەی راستیی بێ، بۆ من وەک وەرگێڕێک لەوانەیە ئەو هەقەم نەبێ ئاستی وەرگێڕەکانی دیکە دیاریی بکەم، ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەرشانی رەخنەگران، بەڵام دەکرێ لەڕووی رێکارەکانی وەرگێڕان، بە حوکمی ئەزموون، قامک بخەمە سەر پنتە داخوازەکان. جارێ لە پێشەوە بەڕای من، هەرچی وەرگێڕانی کوردییە، لە بازنەی هەوڵی تاکەکەسی و ئارەزوومەندیی یان تاسەمەندییەوە دەرنەچووە، ئەم بوارە مەزنەی جیهانی ناسینی ئەدەبیات و زانست و زانیاریی گەلان، لای ئێمە بایەخی خۆی پێنەدراوە، بە چاوێکی تایبەتمەندی پێویستییانە سەیرنەکراوە، بەڵکو رەوتەکە سەرەتا بە هەوڵ و هیممەتی پێشەنگەکانی ئەو بوارە هاتووە، ئێستایش کەم تا زۆر بازاڕی کتێب دەستنیشانکەری چەندایەتییەکەتی. بەڵگەوبەندیشم بۆ ئەم رایەی سەرووم، نەبوونی فرەڕەهەندیە لە کایەی وەرگێڕان. بە داڕشتنەوەیەکی دیکە، بواری وەرگێڕان لای ئێمە بە بەراورد بەو نەتەوانەی بۆ ئەم رەوتە گرنگ و هەستیارە ئامانجدار و ئاراستەکراوەدا، بەجێهێڵراوە بۆ سەلیقەی خودی وەرگێڕ و ئەو کەمە بازاڕییه‌ی هەیە، ئیدی بابەتی ئەدەبی، مێژوویی، بە بازنەیەکی بەرتەسکتریش بابەتی فەلسەفی-مان و زانستی گشتی دیکە هەیە، ئیدی ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ! بۆیە کاتێک دەچیتە نێو کتێبخانەی کوردی و لە بوارە جیاجیاکانی زانست و زانیارییدا بگەڕێی، ئەوسا قەوارەی کڵۆڵی و نەدارییەکەت بۆ دەردەکەوێ. بەڵی ئەم بوارە پێویستی بە رێکخستنەوە، بەدامەزراویکردن، بەئامانجگرتن و ئاراستەکردن و پشتگرتن و خەملێخواردنی جدیی هەیە.
 
دواڕۆژ: زۆرجار هەیە کتێبێک کە خۆی وەرگێڕدراوە بۆ زمانی دووەم لەوێوە جارێکی تر دەکرێتە کوردی، ئەوە بەهای کتێبەکە ناهێنێتە خوارەوە؟
شەفیقی حاجی خدر:
بەڵی، خۆی ئەمە پرسێکە، دەکرێ گرفتیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێ، ئایا تەنیا لە زمانی یەکەم، یاخود دەکرێ لە زمانی دووەمیشەوه‌ کتێبەکان وەربگێڕدرێن. وەڵامی بەردەست و ژیربێژیانە ئەوەیە، تا بکرێ لە زمانی یەکەمەوە بێ، لە حاڵەتی ناچارییدا، دەکرێ دەست بۆ زمانی دووەم ببرێ، چونکە قسەی لەسەر نییە، کە دەق بە زمانی پێنووسراوی خۆی هەم واتا و مەغزا و هەم جێژی تایبەتییانەی خۆی هەیە، ئیدی کاتێک جارێک وەردەگێڕدرێ، بتەوێ و نەتەوێ شتێک بەشێوەیەکی رێژەیی لەمانەی سەروو لێ کەمدەبێتەوە، ئینجا کاتێک بۆ دووەمجار لە زمانی دووەمە وەردەگێڕدرێ، ئەوا لێی کەمتر و کەمتر دەبێتەوە. لێرەدا پرسی ئەوە دێتە گۆڕێ، ئاخۆ وەرگێڕی یەکەم لە چ جۆرە وەرگێڕێکە، وەرگێڕێکی لە خۆوەیە، بەڕادانە، ئارەزوومەندە یان پیشەمەندە؟ چونکە لێرەدا دەستپاکیی وەک پرسێکی زەق دێتە گۆڕێ. هەڵبەتە وەرگێڕی دووەمیش توانای ئەوەی نییە، دەقە وەرگێڕاوه‌کەی لەگەڵ ماکەکە بەراورد بکات، چونکە ئەگەر ئەو توانایەی هەبوایە، ئەوا راستەخۆ لە  ماکەکەوە وەریدەگێڕا. لێرەدا پرسێکی دیکەش دێتەگۆڕێ، هەقە لایلێبکرێتەوە، ئەویش پەیوەستە بە جۆرەکانی وەرگێڕان. بەگشتی دەگوترێ سێ جۆر وەرگێڕان هەن: وەرگێڕانی وشە بە وشە، وەرگێڕانی ئازاد و وەرگێڕانی ناوەڕاست/مامناوەند. جارێ لە پێشەوە وەرگێڕانی یەکەم رەتکراوەتەوە، مەگەر تەنیا بۆ فەرهەنگ دەستبدات، هەرچی وەرگێڕانی ئازاد-یشە، وەرگێڕانێکە نیشانەی پرسیاری لەسەرە، بەوەی وەرگێڕانێکە لە وەرگێڕانی بەدەستکارییەوە نزیکە، چونکە وەرگێڕەکە سەرەتا لە دەقەکە تێێگەیشتووە، ئیدی هاتووە بەبێ گوێدانە رستەبەندی ماک، بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی دایدەڕێژێتەوە. لێرەدا دەکرێ تا رادەیەک ئەوە بگوترێ کە وەرگێڕانی دووەم، تا ڕادەیەک وەک وەرگێڕانی یەکەمە. هەرچەندە ئەم جۆرە وەرگێڕانە بەلای خوێنەره‌وه‌ کورداندن بێ، بەڵام هی ئەوە نییە لەڕووی جەوهەری بابەتی وەرگێڕان و دەستپاکیی و پشتی پێببەسترێ.

دواڕۆژ: وەک وەرگێرێک چ کێشەیەک رووبەڕووت دەبێتەوە تا بەرهەمێک بە چاپ دەگەیەنیت؟
شەفیقی حاجی خدر:
کێشە زۆرن، کێشەکان هەر لە سەرەتاوە دەستپێدەکەن، جارێ لە پێشەوە کێشەی دەستکەوتنی کتێبی باش بە زمانی بێگانە، هەیە. ئینجا لەگەڵ دەستپێکی کردەی وەرگێڕان، لە چۆنییەتی داڕشتنەوەی دەقەکەوە دەستپێدەکات، ئاخر ئێمە نە زمانێکی گشتیی فەرمی، نە رێنووسێکی یەکگرتوو، نە فەرهەنگێکی کۆکەرەوەی گشتییمان نییە،. لە تایپکردنیشدا وەک زمانە خواپێداوەکانی دیکە، راستکردنەوەی هەڵەی تایپمان نییە. پاشان دوای لە خۆبوونەوە لە وەرگێڕان، کێشەکان یەخەی وەرگێر هەر بەرنادەن، من زۆر جار گوتوومە، کردەی وەرگێڕان لێ لێیە، لۆلۆیەکە دواتر بۆ چاپ دەستپێدەکات. چاپکردن بارێکی قورسە بەسەرشانی نووسەر و وەرگێڕەوە، هەر بەڕاستی بووەتە گرێکوێرە...هەڵبەت لەخوردکرنەوەی ئەم کێشە سەرەکییانەیشدا کێشەی دیکە هەن. بەگشتی زۆر لەو کێشانە، کێشەی تای دووەمی هاوکێشەی وەرگێڕان، مەبەستم چاپکردن چارەسەرنابێ، تا بەهایەکی تەواو بۆ کردەی وەرگێڕان دانەنرێ، واتە تا نەکرێ بە پیشە، نووسین بەگشتی لای ئێمە لەکاتی خۆت، وەک ئارەزوومەندێک، وەک خولیایەک دەڕوا، واتە نووسەر و وەرگێڕی کورد لەسەری ناژی، بژێویی ژیان بە نووسین پەیداناکرێ، بۆیە کاری نووسین بەشێوەیەکی گشتی نابێتە کارێکی پیشەمەندانە.

دواڕۆژ: هەبوونی دەزگایەکی نیشتیمانی بۆ وەرگێڕان بە پێویست دەزانیت؟
شەفیقی حاجی خدر:
هەڵبەتە بۆ چارەسەرکردنی دیوی دووەمی هاوکێشەی وەرگێڕان، کە چاپکردنە، هەبوونی دەزگایەکی تواناداری ئامانجداری ئاراستەکراو بە پێویست دەزانم.

دواڕۆژ: کتێبخانەی کوردی پێویستی بە چ جۆرە بەرهەمێک هەیە وەربگێڕدرێنە سەر زمانه‌كه‌مان؟
شەفیقی حاجی خدر:
هەر بەگشتی کردەی نووسین و دواتر وەرگێڕان لای ئێمە زۆر کۆن نییە، کتێبخانەکەمان بە بەراورد لەگەڵ نەتەوە پێشکەوتووەکان نا، بەڵکو لەگەڵ نەتەوە دراوسێکانیشدا زۆر هەژار و کڵۆڵە. لە هەر بوارێکی زانست و زانیاریدا دەستی بۆ ببەی، پێویستمان پێیەتی. پێویستمان بە وەرگێڕانی سەرچاوە و شاکارە جیهانییەکانە لە مەیدانی پانوبەرینی زانست و فێربووندا.
 
پ: ل. م

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure